رووداو - دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تووندی ئێرانی ئاگادارکردەوە کە لەمەودوا هەر هێرشێک بکاتە سەر کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز، بە لێدانی ژێرخانە سەرەکییەکانی ناوخۆی ئێران و تەنانەت تارانی پایتەخت وەڵام دەدرێتەوە.
رۆژی چوارشەممە 22-07-2026 ، دۆناڵد ترەمپ ستراتیژییەکی نوێی سەربازیی راگەیاند و گوتی: "لە ئێستا بە دواوە، هەر کاتێک کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تەنگەی هورمز تەقە لە کەشتییەک بکات، جا چ بە مووشەک، رۆکێت، درۆن، یان هەر ئامراز و چەکێکی دیکە بێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆردوومانی 1 پرد یان 1 وێستگەی کارەبا دەکات و خاپووری دەکات."
ئەم هەڕەشە نوێیەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە لە 11 رۆژی رابردوودا ئاڵۆزییەکان لە تەنگەی هورمز گەیشتوونەتە لووتکە و هەردوولا رۆژانە هێڕش دەکەنە سەر یەکدی، ئەمەش وایکردووە ئەو رێککەوتنەی کە مانگی رابردوو لە نێوان واشنتن و تاران واژۆکرا، بە تەواوی بکەوێتە مەترسییەوە.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئەم هێرشانەی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانی ئێران تەنیا ناوچە سنوورییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو وەک وەڵامێکی تووند، ئەو پرد و وێستگانەی کارەباش دەکرێنە ئامانج کە لە نزیک یان لە ناو جەرگەی شاری تارانی پایتەختدان.
ئەم هەڕەشانەی ترەمپ رۆژێک دوای ئەوە دێت کە گوتی دەکرێ "بەم زووانە" هێرش بکەنە سەر ئەو شوێنانەی تاران ئامێر و مادە ئەتۆمییەکانی تێدا شاردووەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، تاران ناتوانێت رێگری لە هێرشەکانی ئەمریکا بکات و گوتی: "ئێران ناتوانێت هیچ کارێک بەرامبەر ئێمە بکات. بە ئاسایی من شتی وا ناڵێم، بەڵام ئەگەر هەستم بکردایە دەتوانن کارێک بکەن بۆ پاراستنی ئەو شوێنانە، هەرگیز ئەمەم نەدەگوت، بەڵام دووپاتی دەکەمەوە، زۆر بە زوویی لەو ناوچانە دەدەین."
یەکێک لەو شوێنانەی ترەمپ ناوی هێنا بریتی بوو لە چیای قوڵنگ.
چیای قوڵنگ لە نێوەڕاستی ئێران و لە نزیک کۆمەڵگەی ئەتۆمیی نەتەنزە. دامەزراوە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا پێیانوایە، ئەم کێوە دامەزراوەیەکی نهێنی و قووڵی ژێرزەوی تێدایە کە ئێران هەزاران ئامێری پیتاندنی یۆرانیۆم (سەنتەرفیوژ)ـی بۆ گواستووەتەوە، تاوەکو لە بۆردوومانی ئاسمانی بیانپارێزێت.



