رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە سزای لەسێدارەدان بەسەر هاووڵاتییەکی نیشتەجێی شاری کەرەج لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج جێبەجێ کراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی تەممووزی 2026 میدیای سەر بە دەسەڵاتی دادی ئێران بڵاویکردەوە، مەهدی خانەکی کە لە 10ی شوباتی 2026 لەلایەن هێزەکانی هەواڵگریی پۆلیسی ئێران لە ماڵەکەی خۆیدا لە کەرەج دەستگیرکرا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لەسێدارەدرا.
مەهدی خانەکی لەلایەن دادگای شۆڕشی ئێرانەوە، بە "تاوانی بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆن بۆ بەرژەوەندی ئیسرائیل و ئەمریکا"، "ئەندامێتی لە گرووپەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی" و "شاردنەوە و هەڵگرتنی چەک و تەقەمەنی" سزای لەسێدارەدان و دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم داراییەکانی بەسەردا سەپێندرا.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کاتی پشکنینی ماڵی مەهدی خانەکی لە کەرەج دەست بەسەر کۆمەڵێک چەک و تەقەمەنیدا گیراوە.
بەپێی میدیای ئێران، خانەکی لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بەوەدا ناوە کە ساڵی 2023 لەڕێگەی کەسێکەوە بەناوی (هومەن) کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناسیویەتی، فێری دروستکردنی تەقەمەنی بووە و لە ماڵی خۆیدا دەستی بە دروستکردنی کردووە.
خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردوو لە ئێران، لە 28ی کانوونی یەکەمی 2025 و دوای دابەزینی بەهای تمەن، بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان، قەیرانی بژێوی دەستیپێکرد.



