رووداو دیجیتاڵ گوتەبێژی ئەرتەشی ئێران هۆشداری دەداتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و رادەگەیێنێت: لە ئەگەری هەر هێرشێکی زەوینی و داگیرکردنی خاکەکەیان، سوپای وڵاتەکەی لەناو خاکی ئێراندا هێزە ئەمریکییەکان دەکاتە ئامانج. محەممەد ئەکرەمینیا، گوتەبێژی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند: "ئەگەر پێی ئەمریکییەکان بگاتە سەر خاکی یەکێک لە دوورگەکانی ئێران، بێگومان لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە لەناو هەمان ئەو دوورگانە دەکرێنە ئامانج." گوتەبێژی ئەرتەشی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە لە لۆجیکی جەنگدا، کاتێک وڵاتێک بەشێکی خاکی داگیر دەکرێت، لە پێناو گەیاندنی زیانی کوشندە بە دوژمن، رەنگە وڵاتەکە خاکی خۆیشی بکاتە ئامانج. ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە 10 رۆژە سوپای ئەمریکا بە چڕی بۆردوومانەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکردووەتەوە. واشنتن ئامانجی هێرشەکان بە "تێکشکاندنی هێزی سەربازیی ئێران لە تەنگەی هورمز" و کردنەوەی رێڕەوی بازرگانیی ئازاد ناو دەبات. لە بەرامبەردا، بەشێک لە بەرپرسانی ئێران مەترسیی ئەوەیان هەیە کە هێرشە ئاسمانییەکان سەرەتایەک بن بۆ هێرشی زەوینی. ئەمیرحوسێن سابتی، ئەندامی پەرلەمانی ئێران کە سەر بە بەرەی نەریتخوازە، ئاماژەی بەوە کردووە ئەگەری هێرشی زەوینی هەیە. هەر لەو چوارچێوەیەدا، رۆژی 19ـی تەممووزی 2026، روحوڵڵا نووری، جێگری فەرماندەی هێزی زەوینیی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند: "هێزەکانمان لە بەرزترین ئاستی ئامادەییدان و هەر جۆرە شەڕەنگێزییەک لە هەمان چرکەی یەکەمدا پووچەڵ دەکرێتەوە." هاوکات موحسین رەزایی، راوێژکاری رێبەری ئێران بۆ کاروباری سەربازی، هۆشدارییەکی توندتری ئاراستەی واشنتن کرد و رایگەیاند: "ئێران بە تەواوی بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەیە. ئەمریکییەکان ئەگەر بتوانن بێنە ناو خاکی ئێران، دەبێت بیر لەوەش بکەنەوە چۆن دەتوانن هەڵبێن؟" لە کۆتایی هەفتەی رابردووش ئەمیرحوسێن سابتی، ئەندامی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە کردبوو کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا پێدەچێت تەنیا ئامادەکاری بن بۆ هێرشی زەوینی بۆ سەر ئێران، ئەمەش وایکردووە هێزە چەکدارەکانی تاران لەوپەڕی ئامادەباشیدا بن.