رووداو دیجیتاڵ رێکخراوی دادپزیشکیی ئێران رایگەیاند: پار (ساڵی هەتاوی) 888 کەس بەهۆی خنکان لە ئاودا لەم وڵاتەدا گیانیان لەدەستداوە کە 748 کەسیان پیاو و 140 کەسیان ژن بوون. رۆژی سێشەممە، 21ـی تەممووزی 2026، رێکخراوی دادپزیشکیی ئێران ئاماری سەرجەم قوربانییانی خنکان لە ئاودا لە ساڵی رابردوودا لە سەرانسەری ئەم وڵاتەدا بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتی دادپزیشکیی ئێران، زۆرترین ژمارەی قوربانییان بەپێی رێزبەندی لە پارێزگاکانی خوزستان بووە، کە 123 کەس خنکاون و پارێزگاکانی فارس بە 83 خنکان و مازەندەران بە 74 خنکان لە رێزبەندی دووەم تاوەکو سێیەمدان. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئاماری قوربانییانی خنکان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشتر 13.5٪ کەمی کردووە، کە ئەمەش کەمترین ئاماری خنکانە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا. بەگوێرەی راپۆرتەکەی دادپزیشکیی ئێران، لە ساڵانی 2021 تاوەکو 2024 ئاماری قوربانییانی خنکان هەمیشە زیاتر لە هەزار کەس بووە، لە کاتێکدا ساڵی 2025 ژمارەی قوربانییان بۆ 888 کەس دابەزیوە. بەپێی ئامارەکانی دادپزیشکیی ئێران، زۆرترین ژمارەی خنکان لە ئاودا لە سێ مانگی وەرزی هاویندا تۆمارکراوە و تەنیا لەو وەرزەدا 363 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 40.9٪ـی کۆی گشتیی قوربانییانە. لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بەپێچەوانەی بیرکردنەوەی گشتیی خەڵک، زۆرترین قوربانییانی خنکان لە ساڵی رابردوودا پەیوەندی بە رووبارەکان و حەوزەکانی کشتوکاڵییەوە هەیە و خنکان لە نێو دەریا لە پلەی سێیەمدایە. دادپزیشکیی ئێران دەڵێت: لە ساڵی رابردوودا 223 کەس لە رووبارەکاندا بەهۆی خنکانەوە گیانیان لەدەستداوە، لە دوای ئەویش 177 کەس لە حەوزەکانی کشتوکاڵ و 175 کەس لە دەریا گیانیان لەدەستداوە.