رووداو دیجیتاڵ رێکخراوی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند، کەشتییەک لە نزیک بەندەری (فوجەیرە)ـی ئیمارات بە تەنێکی نەناسراو کراوەتە ئامانج و زیانی پێگەیشتووە. بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوەکە، رووداوەکە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە لە دووری 26 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی شارۆچکەی (دیبا) لە کەناراوەکانی ئیمارات روویداوە. کاپتنی کەشتییەکە بە رێکخراوەکەی راگەیاندووە، بەهۆی بەرکەوتنی تەنێکی نەناسراوەوە، زیان بەر سیستمی ئاراستەکردنی کەشتییەکە گەیشتووە. بەڵام دڵنیایی داوە کە سەرجەم تیمی کەشتییەکە سەلامەتن و هیچ زیانێکی ژینگەییشی لێ نەکەوتووەتەوە. هاوکات دەسەڵاتداران سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە. ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە لووتکە و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاندووە، وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا لە "جەنگێکی گشتگیر"ـدایە. دوای تێکچوونی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران لەم مانگەدا، ئاستەنگیی زۆر بۆ هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز و کەنداو دروست بووە و ئێران دەستی بە هێرشکردنە سەر ئەو کەشتییانە کردووە کە بەو ناوچەیەدا تێدەپەڕن. پێشتریش تیمی کەشتییەکی نەوتهەڵگری یۆنانی بەهۆی هێرشێک و کەوتنەوەی ئاگرەوە، کەشتییەکەیان لە تەنگەی هورمز بەجێهێشت. لەلایەکی دیکەوە، حووسییەکانی یەمەن گەمارۆی دەریاییان بۆ سەر سعودیە راگەیاندووە، ئەمەش مەترسییەکانی سەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە، بەتایبەت لە دەریای سوور کە یەکێکە لە رێڕۆ سەرەکییەکانی گواستنەوەی نەوت. هاوکات، ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران پێی ناوەتە قۆناخێکی نوێوە. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) هێرشەکانی بۆ سەر چەندین ناوچەی ئێران فراوانتر کردووە. ئەوەش دوای ئەوە هات کە ژمارەی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی لە سەرەتای جەنگەکەوە کوژراون گەیشتە 17 سەرباز، کە یەکێکیان لەم هەفتەیەدا لە کاتی پووچەڵکردنەوەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوی ئێران لە هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستدا. لە بەرامبەریشدا، ئێران بە درۆن و مووشەک ئامانجەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکەی لە کوێت، بەحرێن، ئوردن و سووریا کردووەتە ئامانج.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست21-07-2026ئەمریکا "هۆشداریی جیهانی" دەداتە هاووڵاتییانی و دەڵێت ئەگەری هێرشی ئێران هەیە