رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، بڕی نەوتی تێپەڕێندراویان بە تەنگەی هورمزدا زیاتر کردووە، بە جۆرێک تەنیا دوێنێ 28 ملیۆن بەرمیل نەوتیان بەو رێڕەوە ئاوییەدا گواستوەتەوە.
رۆژی هەینی، 9ی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی رایگەیاند: "لە دەستپێکی جەنگەوە دوێنێ زۆرترین بڕی نەوتمان لە تەنگەی هورمزەوە بردووەتە دەرەوە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "دوێنێ 28 ملیۆن بەرمیل نەوت بە تەنگەی هورمزدا گوێزراوەتەوە".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد: "رێگریمان لە ئێران کرد ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی و بە زووییش بە شێوەیەک لە شێوەکان کۆتایی بەم بابەتە دەهێنین"؛ گوتیشی:"ئێران چی دیکە سوپا، هێزی دەریایی، هێزی ئاسمانی و هیچ سیستمێکی دژەفڕۆکەی نییە".
28ی شوباتی ئەم ساڵ، ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی دراوسێی وەڵامی دانەوە. لە 2ی ئادارەوە، ئێران تەنگەی هورمزی داخست.
رۆژی 14ی تەممووز، ئەمریکا دەستی بە سەپاندنی گەمارۆ بەسەر بەندەرەکانی ئێران کردەوە و کۆشکی سپی رایگەیاند، رێگە بە تێپەڕینی هیچ کەشتییەکی ئێران نادەن.
ترەمپ گوتی: "گەمارۆی دەریاییمان خستووەتە سەر تەنگەی هورمز و رێگە نادەین هیچ کەشتییەل بەرەو ئێران یان لە ئێرانەوە تێپەڕێ".
بە گوێرەی فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە دەستپێکی سەپاندنی گەمارۆکەوە ئاڕاستەی 130 کەشتییان گۆڕیوە کە دەیانویست بچنە بەندەرەکانی ئێران یان لێیانەوە لە تەنگەی هورمز بچنە دەرەوە.
سێتکۆم دەڵێ، لە هەمان ماوەدا 14 کەشتییان لەکارخستووە کە دوای ئاگادارکردنەوەیان ویستوویانە گەمارۆکە بشکێنن.


