رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی لە تەنگەی هورمز هێرش کرایە سەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگری یۆنانی، تیمی یەکێک لە کەشتییەکان بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرەوە کەشتییەکەیان بەجێهێشت.
رۆژی دووشەممە 20-07-2026 تیمی کەشتیی (کاڤۆمالیاس)ـی سەر بە کۆمپانیای (دایناکۆم تانکەرز)ـی یۆنانی کە ئاڵای ماڵتای بەسەرەوەیە، دوای چۆڵکردنی کەشتییەکەیان، لەلایەن بەلەمێکەوە رزگار کران.
پێشتر، رێکخراوی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاندبوو، ئاگر لەو کەشتییەدا لە باکووری شارۆچکەی (کوزمار) لە عومان کەوتووەتەوە. کەشتییەکە دوای ئەوەی چەندین مانگ لە کەناراوەکانی سعودیە مابووەوە، لە کەنداو گیری خواردبوو.
پێدەچێت کەشتییەکە رۆژی 2ـی تەممووز لە تەنگەی هورمز چووبێتە دەرەوە، هەرچەندە سیستمی شوێنپێهەڵگری (AIS) کوژابووەوە.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە لووتکە. مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاندووە، وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا لە "جەنگێکی گشتگیر"ـدایە.
دوای تێکچوونی ئاگربەستی نێوانیان، ئێران دەستی بە هێرشکردنە سەر ئەو کەشتییانە کردووە کە رێگەی عومان لە تەنگەی هورمز بەکاردەهێنن. مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش رایگەیاندووە، ئێران تەنگەی هورمز وەک کارتی گوشار بەکاردەهێنێت.
لەلایەکی دیکەوە، حووسییەکانی یەمەن گەمارۆی دەریاییان بۆ سەر سعودیە راگەیاندووە، ئەمەش مەترسییەکانی سەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە. لە کاتێکدا هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر چەندین پارێزگەی ئێران چڕبوونەتەوە، تارانیش بە مووشەک و درۆن کوێت و بەحرێنی کردووەتە ئامانج.



