رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دانوستاندنی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا رەت ناکاتەوە و دەشڵێت: ''رژدین لەسەر چەسپاندنی سەروەری و بەرژەوەندییەکانمان لە تەنگەی هورمز.''
ئەمڕۆ دووشەممە 20-07-2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا ئاماژەی بە چارەنووسی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا کرد و رایگەیاند، دیپلۆماتانی وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک گۆڕەپانەکە چۆڵ ناکەن.
ئیسماعیل بەقایی رەتی ناکاتەوە کە چەندین جار دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا تووشی شکستهێنان بوون، ''بەڵام هەر ئەو جۆرەی هێزە چەکدارەکانی ئێمە پێداگرن بۆ بەرگری لە ئێران، دیپلۆماتەکانیشمان ئەرکیان ئەوەیە سەرەڕای سەرکێشییەکانی دووژمن، خۆڕاگر بن و بەرگری لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵات بکەن.''
سەرەڕای ئەوەی نۆ شەوی لەسەر یەکە بۆردوومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بەردەوامن، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: ''دیپلۆماسی و بەرگری دوو باڵن. ئەگەر بە هەر هۆکارێک هەر کامەیان نەتوانن ئەرکی خۆیان بۆ بەرگریکردن لە ئێران جێبەجێ بکەن، بێگومان ئەرکی دەسەڵاتداری بە باشی بەڕێوەناچێت.''
''بەرپرسیارێتیی فراوانبوونی جەنگ لە ئەستۆی ئەمریکایە''
تاران بەردەوام ئەمریکا تۆمەتبار دەکات کە لە خاکی وڵاتانی کەنداوەوە هێرش دەکاتە سەر ناوچە جیاجیاکانی ئێران. ئیسماعیل بەقایی گوتی: ''بەرپرسیارێتیی فراوانبوونی جەنگ تەنیا لە ئەستۆی ئەمریکایە. واشنتن بە پێداگری لەسەر بەکارهێنانی خاکی وڵاتانی ناوچەکە و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی ئەم وڵاتانە، بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر ئێران.''
سەرەڕای ئەوەی لە وەڵامی ئەمریکادا هێرشەکانی ئێرانیش بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە بەردەوامن، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: ''ئێمە چەندین جار جەختمان لەوە کردووەتەوە کە هیچ دووژمنایەتییەکمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە نییە و دراوسێی هەمیشەیی ئەم وڵاتانەین. خاڵە هاوبەشەکان و بەهاکانمان لەگەڵیاندا دەناسین و رێزیان لێ دەگرین.''
ئیسماعیل بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد، چەندین جار داوایان لە وڵاتانی کەنداو کردووە رێگری بکەن لەوەی ئەمریکا خاک و سەرچاوەکانیان بۆ ''دەستدرێژی''ـی سەر ئێران بەکاربهێنێت و گوتی:''ئەوەی ئێمەش دەیکەین بەرگریکردنە لە خۆمان لەسەر بنەمای مافێکی رەوا.''
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڕەشەش لە وڵاتانی ناوچەکە دەکات کە ''تاوەکو ئەو کاتەی ئەم تاوانانە و ئەم دەستدرێژییە سەربازییانە بۆ سەر ئێران بەردەوام بن، بێگومان هێزە چەکدارەکانمان وەڵامیان دەبێت."
''سەروەریی خۆمان لە تەنگەی هورمز دەچەسپێنین''
لە بەشێکی قسەکانیدا، ئیسماعیل بەقایی باسی لە تەنگەی هورمز کرد و گوتی: ''ئێمە پێداگرین کە رێوشوێنی پێویست بۆ پیادەکردنی سەروەریی خۆمان بگرینەبەر، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە بە مەبەستی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانمان، رێڕەوە ئاوییەکە خراپ بەکارناهێندرێ.''
گوتەبێژی وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، لەگەڵ عومان کە ئەویش وڵاتێکی کەنداوە، هەر لە سەرەتای ئاگربەستەوە لە پەیوەندیدا بوون بۆ ئەوەی بە هاوکاریی یەکدی رێوشوێنی پێویست بۆ داڕشتنی میکانیزمێکی نوێی بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز بگرنەبەر و گوتی: ''هێشتاش لەسەر ئەو بڕوایەین کە ئەم کارە دەبێ بە هاوکاری و راوێژی هاوبەشی هەردوو وڵاتی کەناراو بکرێ''.
بەگوتەی ئیسماعیل بەقایی، ئێران رژدە لەسەر ئەوەی بەرژەوەندی و سەروەریی خۆی لە تەنگەی هورمز بچەسپێنێت و لێی پاشگەز نابێتەوە.
دوای 40 رۆژ جەنگی بەردەوامی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل کە 28ـی شوباتی 2026 دەستیپێکرد، ئاگربەستێکی لەرزۆک لەنێوانیان راگەیێندرا و بە نێوەندگیریی پاکستان و ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە، دەست بە گفتوگۆی نێوان واشنتن و تاران کرا. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: ''هەر لە سەرەتاوە لۆژیکی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن روون بوو؛ پابەندبوون لە بەرامبەر پابەندبووندا. تاوەکو لایەنی بەرامبەر پابەندییەکانی جێبەجێ دەکرد، ئێمەش جێبەجێمان کرد.''
ئیسماعیل بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران لە پێشێلکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا دەستپێشخەر نەبووە، ''بەڵام کاتێک ئەوان پابەندییەکانی خۆیان پێشێل کرد، ئێمەش لە بەرامبەردا رامانگەیاند پابەندییەکانمان جێبەجێ ناکەین. هەڵوێستی ئێمە زۆر روونە و لەسەریشی بەردەوام دەبین.''

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)