رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئیسرائیل رایدەگەیێنن کە وڵاتەکەیان ناچێتە نێو ئەم گەڕە نوێیەی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە، کە لەم مانگەدا لەسەر تەنگەی هورمزەوە هەڵگیرساوەتەوە.
بە گوتەی بەرپرسانی سوپای ئیسرائیل کە قسەیان بۆ رۆژنامەی جیروسلم پۆست کردووە، ئیسرائیل پێشبینی ناکات لەم پێکدادانە نوێیانەی نێوان واشنتن و تاراندا بەشدار بێت، هەرچەندە سوپاکەی بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەیە.
ئەم شەڕە نوێیە لە سەرەتای مانگی تەممووزدا دەستیپێکرد، کاتێک ئێران هێرشی کردە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز. لە وەڵامدا ئەمریکا چەندین شەپۆلی هێرشی کردە سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران، کە تاوەکو 20ـی تەممووز پێی ناوەتە نۆیەمین شەوی لەسەر یەک. ئێرانیش زیاتر بە لێدانی بنکە و پێگەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو وەڵامی داوەتەوە.
بۆچی ئیسرائیل بەشداری ناکات؟
بەرپرسانی سوپای ئیسرائیل بە رۆژنامەکەیان گوتووە، ئەوان پێیان وایە ئیسرائیل بەشداری لەم قۆناخەی جەنگدا ناکات، چونکە ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت بە ئاسایشی دەریاییە بە سەرکردایەتیی ئەمریکا، نەک "هەڕەشەی"ەکی راستەوخۆ کە پێویست بە دەستوەردانی ئیسرائیل بکات.
هەڵوێستی نەتەنیاهوو چییە؟
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە مانگی حوزەیراندا رایگەیاند کە هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران راگرتووە، تاوەکو ئەو کاتەی ئاگربەست لەنێوان هەردوولادا بمێنێتەوە، بەڵام هۆشداری دا کە هەر دەستپێکردنەوەیەکی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل، بە "هێزێکی لەڕادەبەدەر" وەڵام دەدرێتەوە. یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریش رۆژی یەکشەممە هەمان هەڕەشەی بۆ ئێران دووپات کردەوە.
شرۆڤەکاران لە کەناڵی (ILTV Israel News) ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئیسرائیل ئێستا "لە دەرەوەی یارییەکە چاوەڕێ دەکات" و بێ رەزامەندیی تەواوەتیی ئەمریکا دەستپێشخەری هێرش ناکات، بەتایبەتی کە ئیدارەی ئێستای ترەمپ پێی باشترە پێکدادانەکان تەنیا لە چوارچێوەی کێشەی هورمزدا کۆنترۆڵ بکات و فراوانتر نەبن.
راپۆرتە میدیاکان دەریدەخەن کە لەم گەڕەی شەڕدا ئێران بە مەبەست خۆی لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەدوور گرتووە و لەبری ئەوە تەنیا وڵاتانی کەنداو و هێزەکانی ئەمریکای کردووەتە ئامانج. راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەمە سیاسەتێکی ئامانجدارە، چونکە تاران دەزانێت هەر هێرشێک بۆ سەر ئیسرائیل، وەڵامێکی زۆر تووندی لێدەکەوێتەوە.
بەرپرسانی ئیسرائیل بەردەوام جەخت لە هاوئاهەنگییان لەگەڵ واشنتن دەکەنەوە. لە قودس/ئۆرشەلیم، ئەم پێکدادانانەی ئێستای نێوان ئەمریکا و ئێران وەک شتێکی جیاواز سەیر دەکرێ لەو شەڕە بەرفراوانەی لە شوبات تاوەکو ئایاری 2026 روویدا، کە تێیدا ئیسرائیل بەشێوەیەکی راستەوخۆ و شانبەشانی ئەمریکا بەشدار بوو.
بەرپرسانی ئیسرائیلی ئاماژەیان بەوە کردووە، سەرنجی سەرەکیی ئێستای ئیسرائیل لەسەر پاراستنی سنوورەکانی باکوورییەتی لەگەڵ لوبنان و چاودێریکردنی حیزبوڵڵا، بۆیە نایەوێ بەرەیەکی نوێی شەڕ بکاتەوە، ئەگەر راستەوخۆ هێرشی نەکرێتەسەر.
دۆخەکە بەوردی چاودێری دەکرێ، بەپێی قسەی ئەو بەرپرسانەی کە میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردووەتەوە، ئەگەر ئاراستەی هێرشەکانی ئێران بەرەو خاکی ئیسرائیل بگۆڕدرێ، ئەوا دەستبەجێ هەڵوێست و وەڵامی ئیسرائیلیش دەگۆڕدرێ.



