رووداو دیجیتاڵ
لە نۆیەمین شەوی لەسەریەک، ئەمریکا هێرشی ئاسمانیی چڕی کردە سەر چەندین ناوچەی جیاوازی ئێران، لەنێویاندا شاری بوشێهر کە تاکە وێستگەی ئەتۆمیی سڤیلی ئێرانی لێیە. ئەم هێرشانە وەک کاردانەوەیەک بوون بۆ کوژرانی سەربازێکی دیکەی ئەمریکی. لە بەرامبەریشدا، تاران هێرشی کردە سەر چەند وڵاتێکی کەنداو.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە هێرشەکانیاندا "ناوەندەکانی فەرماندەیی سەربازی، بەرگریی ئاسمانی، رادارەکانی چاودێریی کەناراوەکان، پێگە دەریاییەکان، سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک و درۆن و تۆڕەکانی پەیوەندی"یان لە ئێران کردووەتە ئامانج.
میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، مووشەکەکانی ئەمریکا چەندین ئامانجیان لە شاری بوشێهر پێكاوە.
ئیرنا (میدیای فەرمیی ئێران) لە زاری محەممەد موزەفەری، پارێزگاری بوشێهرەوە بڵاوی کردەوە: "ژمارەیەک شوێن لە بوشێهر کەوتنە بەر هێرشی دووژمنی ئەمریکی. لێکەوتی هێرشەکان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە".
ئاژانسەکە هەروەها رایگەیاند، هێرش کراوەتە سەر ناوچەیەکی باشووری رۆژئاوای تەورێز، کە دەگوترێ بنکەی ژێرزەوینیی مووشەکەکانی سوپای پاسدارانی لێیە و بەهۆیەوە کەسێک کوژراوە و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون. جگە لەمانە، هێرش کراوەتە سەر بەندەرەکانی ئیمام خومەینی، سیریک، جاسک، کۆنارەک و چابەهار لە پارێزگاکانی خوزستان، هورمزگان و سیستان و بەلووچستان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە تۆڵەی کوژرانی سەربازەکانیاندا ئەم هێرشانە دەکەن. سوپای ئەمریکا روونیکردەوە کە رۆژی شەممە سەربازێکی ئەمریکی لە "باکووری عێراق" کوژراوە، ئەویش لە کاتی هەوڵدان بۆ تەقاندنەوەی درۆنێکی تێکشكێندراوی ئێران بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو. جگە لە هەولێر، ئەمریکا هیچ بنکەیەکی لە پارێزگەکانی دیکەی باشووری کوردستان و باکووری عێراق نییە.
لە سەرەتای شەڕەکەوە لە 28ی شوبات، 17 سەربازی ئەمریکی کوژراون.
ئێران لە وەڵامی ئەم هێرشانەدا، بەیانیی دووشەممە هێرشی کردە سەر بەحرێن کە بارەگای کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکای لێیە و زەنگی ئاگادارکردنەوە لەو وڵاتە لێدرا. هەروەها کوێت رایگەیاند، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی رووبەڕووی هێرشێکی ئێرانی بووەتەوە.
لە هەمان کاتیشدا، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە بە کاتی هەولێر، رێکخراوی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی سەربە هێزی دەریایی شاهانەی بەریتانیا (UKMTO) بڵاویکردەوە، کەشتییەک لە تەنگەی هورمز لە نزیک کەناراوەکانی عومان گڕی گرتووە. دواتر سوپای پاسداران بەرپرسیارێتیی هێرشکردنە سەر تانکەرەکانی لەو تەنگەیەدا لەئەستۆ گرت.
مەترسیی شەڕی سەرتاسەری و کێشەی تەنگەی هورمز
ئەم پێکدادانە بەردەوامانە دەریدەخەن کە چۆن هەنگاو بە هەنگاو، ئەمریکا و ئێران لە جەنگێکی سەرتاسەری نزیک دەبنەوە. ئەو ئاگربەستەی مانگی رابردوو کە بڕیاربوو ببێتەهۆی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، ئێستا بەتەواوی داڕماوە. هەربۆیە نرخی نەوتی برێنت بۆ زیاتر لە 90 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە.
ترەمپ هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر ئێران دەستبەرداری کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز نەبێت، ئەوا وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئێران وێران دەکات. ئەمریکا هەفتەی رابردووش گەمارۆی دەریایی خستەوە سەر بەندەرەکانی ئێران بۆ ئەوەی رێگە نەدات نەوت بفرۆشێت و رۆژی شەممەش رایگەیاند کە 6 کەشتی ناچار بە لادان کردووە و کەشتییەکی دیکەشی لەکارخستووە.
ئایا هیوایەک ماوە؟
لەکاتێکدا نیوەی ئەو وادە 60 رۆژەیە تێپەڕیوە کە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی دیاریکرابوو، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، هێشتا دەرگایان بۆ دانوستاندن کراوەیە، بەڵام بەو مەرجەی گفتوگۆیەکی "راستەقینە" هەبێت؛ گوتیشی: "ئێمە بەردەوام دەبین لە وەڵامدانەوە. ئەگەر ئەو کەسانەی لە ئێران دەیانەوێ شتێکی ئەرێنی بکەن، ئەوە زۆر باش دەبێت، بەڵام بەداخەوە هێشتا لەو دۆخەدا نین."
هاوکات محەممەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئێران لە گوتارێکدا کە لە گۆڤاری Foreign Policy دان بەوەدا دەنێت کە ناکۆکی لەسەر تەنگەی هورمز رێگە نادات رێککەوتنەکە سەربگرێ. زەریف دەنووسێت: "واشنتن ناتوانێ حکومەتی ئێران لەنێوببات... تەنیا دیپلۆماسی و رێککەوتنێکی ئاشتیی نوێ دەتوانێت رێگە بە ئەمریکا بدات سەرنجی بخاتە سەر شوێنی دیکە." بەڵام زەریف هۆشداریش دەداتە سەرکردەکانی ئێران و دەڵێت: "ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە هەڕەشەکردن لە هاتووچۆی دەریایی، لەوانەیە زۆربەی وڵاتانی جیهان دژی خۆی هانبدات."
دەسەڵاتدارانی ئێران رۆژی یەکشەممە رایانگەیاند کە لەم شەپۆلە نوێیەی هێرشەکانی ئەمریکادا لانیکەم 50 کەس کوژراون و 517 کەسیش بریندار بوون.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)