رووداو دیجیتاڵ
ئێران رایگەیاند، لە بەردەوامیی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە، هێزە چەکدارەکانیان توانیویانە سێ درۆنی ئەو وڵاتە بخەنە خوارەوە کە جۆری ئێم کیو-9 رێپەر و لۆکاس-ن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ی تەمموزی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای وەلیولعەسر، لقی سوپای پاسداران لە پارێزگای خوزستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ درۆنێکی ئەمریکی لە جۆری ئێم کیو-9 لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سوپای پاسدارانەوە لە ئاسمانی شاری ئەهواز کرایە ئامانج و تێکشکێنرا."
بە گوتەی بەرپرسانی ئێران، لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانیش درۆنێک خرایە خواڕەوە.
موراد یەگانە، قایمقامی دێلوڕان رایگەیاند، درۆنێکی ئەمریکی لە جۆری ئیم کیو-9 دوای ئەوەی لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانەوە کرایە ئامانج، لە سنووری گوندی عەین خۆش سەر بە دێلوڕان کەوتە خوارەوە.
هاوکات میدیای فەرمیی ئێران، دیمەنی پاشماوەی ئەو درۆنەی بڵاوکردەوە کە لە سنووری دێلوڕان تێکشکێنراوە.
لە لایەکی دیکە، پەیوەندییە گشتییەکانی ئەرتەشی ئێران، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، لە بەردەوامیی رووبەڕووبوونەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران لەگەڵ فڕۆکەی جەنگی و درۆنەکانی ئەمریکا، توانیویانە درۆنێکی ئەمریکی لە جۆری لۆکاس بپێکن.
ئەرتەشی ئێران دەڵێت، درۆنەکە لە لایەن سیستەمی بەرگریی هێزی دەریایی ئەرتەش لە باشووری ئێران کراوەتە ئامانج و خراوەتەخواڕەوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە شوێنی رووداوەکە بکات.
هاوکات گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە لایەن میدیای فەرمیی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە و ئاماژە بەوە کراوە، پاشماوەی درۆنێکی لۆکاسی ئەمریکییە کە لە باشووری وڵاتەکە تێکشکێنراوە.
هەشت رۆژە سوپای ئەمریکا بە چڕی دەستی بە بۆردوومانەکانی سەر ئێران کردووەتەوە و بە گوتەی خۆیان ئامانجیان لە هێرشەکان، تێکشکاندنی هێزی سەربازیی وڵاتەکەیە لە تەنگەی هورمز، بۆ ئەوەی رێڕەوێکی بازرگانیی ئازاد لە ناوچەکە بکەنەوە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێران راگەیاند و روونیکردەوە، هێرشەکان وەک "سزا"یەک بووە بۆ تاران لەبەرامبەر ئەو هێرشەی کرایە سەر هێزەکانیان لە ئوردن و بووە هۆی کوژرانی دوو سەربازی ئەمریکی.


