رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە مانگێکە 30 بۆ 40 شەڕکەری دەستەبژێری حیزبوڵڵا، کە بە هێزی (رەزوان) ناسراون، لەنێو تۆڕێکی ئاڵۆزی تونێلەکان لە باشووری لوبنان گەمارۆ دراون. سوپای ئیسرائیل هەموو رێگەکانی لێ گرتوون و تەنیا دوو بژارەی بۆ داناون: "خۆبەدەستەوەدان یان مردن لە برسان."
گردی "عەلی تاهیر" دەکەوێتە بەرزاییەکانی نزیک شاری نەبەتییە، بە یەکێک لە گرنگترین بنکە ستراتیژییەکانی حیزبوڵڵا دادەنرێت. سوپای ئیسرائیل لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی 2026ـەوە گەمارۆی تووندی گردەکەی داوە، ئێستا ئەو شەڕکەرانەی لە ناوەوە ماونەتەوە، بە تەواوی لە جیهانی دەرەوە دابڕاون.
توانای مانەوە لەنێو تونێلەکاندا
بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل، ئەو تونێلانە بە شێوەیەکی زۆر پێشکەوتوو دروستکراون و ئاو، دەرمان و خواردنی وشکی وەک خورما و قوتوویان تێدا هەڵگیراوە. خەمڵاندنە ئەمنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو شەڕکەرانە دەتوانن تەنیا بۆ چەند هەفتەیەکی دیکە بەبێ هاوکاریی دەرەکی لە ژیاندا بمێننەوە.
بەپێی راپۆرتەکانی ماڵپەڕی "ئەلمودون" و رۆژنامەی "ئەلنەهار"، ئیسرائیل تاوەکو ئێستا خۆی لە چوونە ناو تونێلەکان یان تەقاندنەوەیان پاراستووە. تەلئەڤیڤ دەیەوێت بە "بێدەنگی" ئەم قەیرانە بەڕێوەببات، چونکە دەترسێت کوشتنی بەکۆمەڵی ئەو شەڕکەرانە ببێتە هۆی وەڵامدانەوەیەکی بێ پێشینەی حیزبوڵڵا یان دەستوەردانی راستەوخۆی ئێران لە شەڕەکەدا.
حیزبوڵڵا 'ناتوانێت گەمارۆکە بشکێنێت'
ماڵپەڕی "ئیرەم نیوز" ئاماژەی بەوە کردووە، حیزبوڵڵا رووبەڕووی کێشەیەکی گەورە بووەتەوە و ناتوانێت گەمارۆکە بشکێنێت. بەهۆی چاودێریی وردی ئاسمانی و زەوینیی ئیسرائیل، هەر هەوڵێکی پێشڕەوی بەرەو گردەکە وەک "خۆکوژییەکی سەربازی" دەبیندرێت و دەبێتە ئامانجی راستەوخۆی فڕۆکە جەنگییەکان.
ئێران هۆشداری دەدات
ئەم دۆسیەیە رەهەندێکی نێودەوڵەتیی وەرگرتووە. ئەمریکا و چەند لایەنێکی دیکە نێوەندگیری دەکەن بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک تاوەکو رێگری لە شەڕێکی گشتگیر بکەن. هاوکات ماڵپەڕی "یۆرۆنیوز" بڵاویکردەوە، ئێران هۆشداریی داوە لەوەی، هەر زیانێک بەو شەڕکەرانە بگات، هاوکێشەکانی شەڕ لە ناوچەکەدا بە تەواوی دەگۆڕێت.
گردی عەلی تاهیر ساڵانێکی زۆرە لەلایەن هێزی رەزوانەوە ئامادەکراوە و وەک یەکێک لە قەڵا قایمەکانی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکان سەیر دەکرێت.



