رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئێران دەڵێت: دوو بنکەی سەربازیی ئەمریکایان لە کوێت کردووەتە ئامانج؛ ئاماژە بەوەش دەکات: تاوەکو بۆردوومانکردنەکانی سەر ئێران بەردەوام بن، ئەوانیش هێرشەکانیان ناوەستێنن.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 19-07-2026، سوپای ئێران (ئەرتەش) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: لە درێژەی هێرشەکانی ئەمریکادا، گەڕی 17ـیەمی ئۆپەراسیۆنی ''هەورە برووسکە''ـیان جێبەجێ کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا سوپای ئێران هێرشێکی درۆنی کردووەتە سەر کۆگەی چەک و تەقەمەنیی ئەمریکا لە بنکەی سەربازیی عودەیریی کوێت.
هاوکات هێرش کراوەتە سەر بنکەی سەربازیی عەلی سالمیش لە کوێت. سوپای ئێران ئەوەشی خستووەتەڕوو: شوێنی مانەوەی سەربازانی ئەمریکی کراوەتە ئامانج.
هەشت رۆژە سوپای ئەمریکا بە چڕی دەستی بە بۆردوومانەکانی سەر ئێران کردووەتەوە و بە گوتەی خۆیان ئامانجیان لە هێرشەکان، تێکشکاندنی هێزی سەربازیی وڵاتەکەیە لە تەنگەی هورمز، بۆ ئەوەی رێڕەوێکی بازرگانیی ئازاد لە ناوچەکە بکەنەوە.
لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش بە پاساوی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بە چەند قۆناخێک هێرشی درۆنی و مووشەکی کردووەتە سەر وڵاتانی کەنداو و هەرێمی کوردستان کە جیا لە زیانی ماددی، زیانی گیانیشیان لێکەوتووەتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
