رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران رایگەیاند، وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و وێرانکەریان بۆ هێرشەکانی ئەمریکا دەبێت. ئاماژە بەوەش دەکات، هێزە چەکدارەکانی ئێران ئامادەییان هەیە ''بە هەموو توانا''وە بەرگری لە وڵاتەکە بکەن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 19-07-2026 عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئاراستەی ئەمریکا کرد کە تێیدا هاتووە، وەڵامێکی ''یەکلاکەرەوە و وێرانکەر''ـی هێرشەکانی ئەمریکا دەدەنەوە.
بە گوتەی عەلی عەبدوڵڵاهی جەنگی ئەم جارەی نێوان ئەمریکا و ئێران، تێچوویەکی قورستری بۆ واشنتن دەبێت، ''بەڵام دەبێت ئاگادار بین کە دووژمن دوای شکستهێنانی سەربازیی دوابەدوای یەکدا، دڵی بە نانەوەی ئاژاوە و ناکۆکی لەنێوان خەڵک و بەرپرسان خۆش کردووە.''
فەرماندەی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا باسی لە گرنگیی پاراستنی ''یەکڕیزی و یەکگرتوویی'' هێزە چەکدارەکانی ئێران کردەوە و گوتی، بە ''رێگەنیشاندەری''ـی موجتەبا خامنەیی، رێبەری وڵاتەکەی، ''بە هەموو توانا''ـوە لە بەرامبەر ئەمریکادا بەرگری لە ئێران دەکەن.
پەیامەکەی عەلی عەبدوڵڵاهی لەکاتێکدایە کە بۆ هەشتەم شەوی لەسەریەک، جەنگ و بۆردوومانی قورس لەنێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوام بوو. تاران هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ئەگەر هێرشەکانی ئەمریکا نەوەستن، ئەوا دەست بە "هێرشێکی سەرانسەری" دەکات. لە بەرامبەریشدا، واشنتن دەڵێت، ئامانجیان لەنێوبردنی توانای سەربازیی ئێرانە.
.jpg&w=3840&q=75)


