فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر ئوردن، دوو سەربازی ئەمریکی کوژراون و یەکێکی دیکەش بێسەروشوێنە.
رۆژی شەممە 18-07-2026 سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رووداوەکە رۆژی 17ـی تەممووز روویداوە، کاتێک هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان بەرگرییان لە دژی هێرشە بالیستی و درۆنییەکانی ئێران دەکرد.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، چوار سەربازی ئەمریکی دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، نەخۆشخانەکانی ئوردنیان جێهێشتووە. ئەو سەربازانەی دیکەش کە بەهۆی برینی سووکەوە پشکنینیان بۆ کرابوو، گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، وەک رێزێک بۆ خێزانی قوربانییەکان، تاوەکو 24 کاژێر بەسەر ئاگادارکردنەوەی کەسوکاریاندا تێدەپەڕێت، هیچ زانیارییەکی زیاتر لەبارەی رووداوەکە و ناسنامەی سەربازە کوژراوەکان بڵاوناکەنەوە.
کوژرانی سەربازانی ئەمریکا لە کاتێکدایە، هەفتەیەکە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجەکانی ئێران چڕبوونەتەوە. لە بەرامبەردا، ئێران هەڕەشەی دەستپێکردنی "هێرشێکی گشتگیر"ـی کردووە و رۆژی شەممە زنجیرەیەک هێرشی کردە سەر ژێرخانەکانی وڵاتانی کەنداو.
پێشتر ئێران رایگەیاندبوو، لەم هێرشانەدا کۆگەکانی سووتەمەنییان لە بنکەی (ئەزرەق) لە ئوردن کردووەتە ئامانج، هەرچەندە سوپای ئوردن رایگەیاندبوو 10 مووشەکیان تێکشکاندووە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی و مادییان هەبێت.
ئەم پێکدادانانە دوای مانگێک دێن لە هەڵوەشانەوەی لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی نێوان واشنتن و تاران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. لەم چوارچێوەیەدا، ئەمریکا گەمارۆی دەریایی خستووەتەوە سەر بەندەرەکانی ئێران و هێرشەکانی بۆ سەر چەندین پارێزگەی ئەو وڵاتە چڕکردووەتەوە کە بەهۆیەوە دەیان کەس کوژراون، لە بەرامبەریشدا ئێران دەیەوێت کۆنترۆڵی رێڕۆی ستراتیژیی تەنگەی هورمز بکات.



