رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی بەرگریی کوێت رایگەیاند، لە بەرەبەیانی رۆژی هەینییەوە رووبەڕووی هێرشی ئێران بوونەتەوە و بە چەندین مووشەک و درۆن هێرش کراوەتە سەر دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکانی وڵاتەکەیان، بەو هۆیەوە ژمارەیەک سەربازی کوێتی بریندار بوون. سعود عەبدولعەزیز عەتوان، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوێت لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "هێزە چەکدارەکانمان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە چەندین مووشەکی بالیستی و درۆنیان لە ئاسمانی وڵاتەکەدا بەدی کردووە و رووبەڕوویان بوونەتەوە." گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوێت ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر چەند سەربازگەیەک و دامەزراوەیەکی سەر بە سوپای کوێت، ژمارەیەک کارمەندی هێزە وشکانییەکانی کوێت لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا بریندار بوون، "بەڵام باری تەندروستییان جێگیرە و چارەسەری پێویست وەردەگرن." هەر بە گوتەی سعود عەبدولعەزیز، لەو هێرشانەدا "چەندین دامەزراوەی مەدەنی و حکومی" کراونەتە ئامانج، لەوانە یەکێک لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و سازگارکردنی ئاوی وڵاتەکە، کە بەو هۆیەوە ئاگر کەوتووەتەوە و "زیانی زۆر" بە یەکەکانی بەرهەمهێنانی وزە گەیشتووە. هەروەها دەشڵێت، پاشماوەی مووشەکەکان لە چەند ناوچەیەکی وڵاتەکە کەوتوونەتە خوارەوە و زیانی ماددییان لێکەوتووەتەوە. وەزارەتی بەرگریی کوێت ئاماژە بەوە دەکات کە هێزە چەکدارەکانیان "لەوپەڕی ئامادەییدان" بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی وڵاتەکەیان و دەڵێت: "هەموو رێکارێکی پێویست دەگرینە بەر بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و نیشتەجێبووان، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان." لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا لە 28ـی شوباتی ئەم ساڵدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران کوێت و وڵاتانی دیکەی کەنداوی بە مووشەک و درۆن دەکاتە ئامانج بە بیانووی ئەوەی لە بنکەکانی ئەمریکاوە، کە لەو وڵاتانەن هێرشی دەکرێتە سەر.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست17-07-2026هێزەکانی ئەمریکا چوونە سەر کەشتییەک لە عومان؛ گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران تووند دەکرێتەوە