رووداو دیجیتاڵ
گرووپی ئەنساروڵڵای حووسییەکان لە یەمەن بەرپرسیارێتیی خۆیان لە زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر چەند فڕۆکەخانە و دامەزراوەی نەوتیی لەنێو خاکی عەرەبستانی سعودیە راگەیاند. هاوکات هێزەکانی حکومەتی یەمەن پێشڕەوییان لە گەرووی بابولمەندەب کردووە و ریازیش لەگەڵ ئەنقەرە و ئیسلامئاباد رێککەوت لەسەر جێگیرکردنی هێز لە خاکەکەیدا.
عەمید یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە پەیامێکی تۆمارکراودا رایگەیاند، بە بەکارهێنانی مووشەکی بالیستی، مووشەکی کروز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی "مەلیک خالید" لە ریازی پایتەخت و پاڵاوگەیەکی نەوت لە شاری رابغ لەسەر کەناراوەکانی دەریای سوور.
سەریع ئاشکراشی کرد هێرشەکانیان فڕۆکەخانەی "ئەبها"، چەند پێگەیەکی سەربازی لە شاری خەمیس موشەیت، و چەندین شوێنی هەستیاری دیکەیان لە شارەکانی نەجران و جازان کردووەتە ئامانج؛ هاوکات هۆشداریی دایە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی فڕۆکەوانی کە خۆیان لە بەکارهێنانی ئاسمانی سعودیە بەدوور بگرن.
پێشڕەویی هێزەکانی یەمەن لە گەرووی بابولمەندەب
لە بەرامبەردا، بەرپرسانی حکومەتی یەمەن ئاشکرایان کردووە هێزەکانیان بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە، توانیویانە دەست بەسەر چەندین پێگەی گرنگ و ستراتیجیدا لە دەوروبەری گەرووی بابولمەندەب بگرنەوە کە پێشتر لەژێر دەستی حووسییەکاندا بوون.
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسان بۆ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس، هێزەکانی هاوپەیمان لەگەڵ حکومەت شارەدێی "زوباب"ـی ستراتیجییان لە باکووری گەرووەکە کۆنترۆڵکردووەتەوە، کە دەست دەگرێت بەسەر رێڕەوی دەریایی نێوان دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، هاوکات پێشڕەوییان بەرەو ناوچەکانی دیکەی کەناراوەکان کردووە.
رێککەوتنی سەربازیی سعودیە لەگەڵ تورکیا و پاکستان
هاوکات لەگەڵ ئەم گرژییە مەیدانییانەدا، وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی هەر سێ وڵاتی سعودیە، تورکیا و پاکستان، لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەدا لە شاری ریاز رێککەوتن لەسەر بڵاوکردنەوەی یەکەی سەربازی لەنێو خاکی سعودیە، ئەمەش لەسەر بنەمای رێککەوتننامەی "مەککە" بۆ بەرگریی هاوبەش کە لەنێوان ئەو سێ وڵاتەدا واژۆ کراوە.
هەرچەندە لە راگەیێندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەکەدا ژمارەی هێزەکان و وادەی جێگیرکردنیان ئاشکرا نەکراوە، بەڵام هەرسێ وڵات بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هەوڵانەیان کرد کە بۆ هێرشکردنە سەر مەککە و مەدینە دەدرێن، هەروەها ئیدانەی بەردەوامیی هێرشەکانی سەر شار و دامەزراوە مەدەنی و ئابوورییەکانی سعودیەیان کرد.



