رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای هورمزگان لە باشووری ئێران رایگەیاند، لە بەردەوامیی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانی ئەو پارێزگایە، شەش پردی ستراتیژی کراونەتە ئامانج و زیانی زۆریان بەرکەوتووە؛ هاوکات زانکۆی پزیشکیی هورمزگان دەڵێت، لە هێرشەکاندا حەوت کەس کوژراون.
ئەمڕۆ هەینی، 17ی تەممووزی 2026، پارێزگار هورمزگان لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، جگە لە پردی "کەهوورستان" لەسەر رێگەی سەرەکیی بەندەرعەباس-لار-شیراز، پێنج پردی دیکەش کە زۆربەیان بەندەرعەباس بە شارەکانی دیکە دەبەستنەوە، لە لایەن ئەمریکاوە بۆردوومان کراون و بەهۆیەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
بە گوێرەی پارێزگاری هورمزگان، ئەو پردانەی لە هێرشە نوێیەکانی ئەمریکادا کراونەتە ئامانج، ئەمانەن:
- پردی "گریوە" لەسەر رێگەی بەندەرعەباس-خەمیر-لار.
- پردی دوای گوندی "لاتیدان (کەلمەتلی)" لە رێگەی گەڕانەوەی بەندەرعەباس-خەمیر-لار.
- دوو پرد لەسەر رێگەی کەهوورستان-لار.
- پردێکی نیوەچڵ لەسەر رێگەی بەندەر خەمیر-کەشار-بەندەرعەباس.
- پردی گوندی "ماروو" لە شاری خەمیر.
پارێزگای هورمزگان داوای لە هاووڵاتییان کردووە لەو رێگەیانە و ناوچەکانی دەوروبەریان هاتووچۆ نەکەن، بۆ ئەوەی رێگە بۆ تیمەکانی فریاگوزاری، هێزە ئەمنییەکان و ئاگرکوژێنەوە بە کراوەیی بمێنێتەوە. راشیگەیاندووە، کە تیمەکان لە شوێنی رووداوەکانن و سەرقاڵی چاککردنەوەی رێگاکانن.
شەوی رابردووش تاوەکو بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بەتایبەت پارێزگا کەناراوییەکانی ئەو وڵاتە بەردەوام بوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ئەمریکا دەیان ئامانجی سەربازیی ئێرانی پێکاوە، لەوانە پێگەکانی چاودێری و راداری کەناراوەکان، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، ژێرخانی لۆجیستیی سەربازی، تواناکانی هێزی دەریایی ئێران و لاوازکردنی تواناکانی ئێران.



.jpg&w=3840&q=75)