رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە هێرشێکی قورس و لەناکاو بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی ئەمریکا لە عودێد لە قەتەر، سیستەمێکی راداریی دوورمەودا و چەندین فڕۆکەی سووتەمەنیهەڵگری ئەمریکا بە تەواوی تێکشکێنران و چەندین فڕۆکەیەکی دیکەش زیانی جدییان پێگەیشت.
ئەمڕۆ هەینی، 17ی تەمموزی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە چوارچێوەی تەواوکردنی ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەی شەوی رابردوودا، هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران لە شەپۆلی 16ی ئۆپەراسیۆنی نەسری 2دا، هێرشێکی قورس و لەناکاویان کردە سەر بنکەی ئاسمانیی ئەمریکا لە عودێدی قەتەر.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەم هێرشەدا سیستەمێکی راداریی دوورمەودا و چەندین فڕۆکەی ستراتیژیی سووتەمەنیهەڵگری ئەمریکا بە تەواوی تێکشکێنران و چەندین فڕۆکەی دیکەش زیانی قورسیان بەرکەوت.
سوپای پاسداران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و ئەو وڵاتانەی بنکەی هێزەکانی ئەمریکایان لێیە و دەڵێت: "بەزاندنی هێڵە سوورەکان و هێرشکردنە سەر خەڵک و ژێرخانە مەدەنییەکان، باجێکی زۆر قورسی دەبێت؛ ئەگەر دوژمن لەسەر ئەم رەوتە بەردەوام بێت، وەڵامی تێکشکێنەرتر بەڕێوەن، بە جۆڕیک کە لە مێژووی جەنگەکاندا بمێننەوە."
پێشتر، سوپای پاسدارانی ئێران لە چەند راگەیێندراوی جیاوازدا رایگەیاندبوو، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانەکان لە ناوچەکانی باشووری ئێران، بنکەکان و شوێنی جێگیربوونی هێزەکان، مووشەکەکان و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکای لە کوێت و ئوردن کردووەتە ئامانج. سوپای پاسداران هەروەها ئاماژە بە هێرشکردنە سەر بنکەکانی حیزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کردبوو، کە وەک 'هێزەکانی دژە شۆڕش' ناوی بردوون."



.jpg&w=3840&q=75)