رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانەکانی ئێران، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کوێت و ئوردن. پاسداران دەشڵێت، بنکەکانی هێزەکانی "دژە شۆڕش"یان کردووەتە ئامانج، کە مەبەست لێی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە لە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ هەینی، 17ی تەمموزی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، شەوی رابردوو سوپای ئەمریکا چەند ئامانجێکی مەدەنی بۆردوومان کردووە، لەوانە چەندین پرد، ناوچەی نیشتەجێبوون و وێستگەی ئاو لە بەندەر عەباس لە باشووری ئێران.
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە: "لە وەڵامی ئەم شەڕەنگێزییەدا، هێزەکانی سوپای پاسداران لە شەپۆلی 14ی ئۆپەراسیۆنی نەسری 2دا، فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە سووتەمەنیهەڵگرەکانی ئەمریکای جێگیر لە ئوردنیان لە هێرشێکی دوو قۆناخیدا، بە چەندین مووشەکی بالیستی و چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردە ئامانج، کە بووە هۆی تێکشکاندنی چەندین فڕۆکەیەکی سووتەمەنیهەڵگر و جەنگیی ئەمریکی و زیانی جدی بە ژمارەیەکی زیاتریشی گەیاند."
سوپای پاسداران داوا لە خەڵکی ئوردون و سوپای ئەو وڵاتە دەکات، لە دژی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە نێو خاکی ئوردن هەڵوێست وەربگرن و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە نێو ئوردن بکەنە ئامانج.
سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکی دیکەدا باسی لە هێرشکردنە سەر سەکۆ و مووشەکەکانی هیمارس لە کوێت و شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا و حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، کە وەک دژە شۆڕش ناوی بردوون.
کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن و گرووپە نەیارەکانی دیکەی، دەستەواژەی "دژە شۆڕش" بەکاردەهێنێت.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت: "لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوە و وەڵامدانەوەی تاوانە جەنگییەکانی شەوی رابردوودا، شەڕڤانانی هێزی زەوینیی سوپای پاسداران لە شەپۆلی 15ی ئۆپەراسیۆنی نەسری 2دا، جیا لە تێکشکاندنی سەکۆ و مووشەکەکانی هیمارس لە کوێت، لە ئۆپەراسیۆنێکی خێرای درۆنی و مووشەکیدا چەندین شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا و دژە شۆڕشیان تێکشکاند."
عەبدوڵڵا ئازەربار، ئەندامی دەفتەری سیاسیی و بەرپرسی کۆمیسیۆنی رێکخستنی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ئەمڕۆ هەینی 17-7-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نزیک کاژێر 06:00ـی بەیانی ئەمڕۆ لەلایەن ئێرانەوە بە هەشت مووشەکی گەورەی سەنگەربڕ لە سنووری زرگوێزەڵە لە سلێمانی بۆردوومان کراین."
لە ئەنجامی هێرشەکەی سەر کۆمەڵە 9 پێشمەرگەی حیزبەکە شەهید بوون و سێ پێشمەرگەش بریندار بوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە هەشت درۆن هەولێریش بۆردوومان کرا، دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، سەرجەم درۆنەکان تێکشکێندراون.
.jpg&w=3840&q=75)


