رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکەی سەر بەمپووری سیستان و بەلووچستان، بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکایان لە سووریا کردووەتە ئامانج و بە گوتەی خۆی، چەندین سەربازی ئەمریکی کوژراون.
بەیانی ئەمڕۆ هەینی 17-06-2026، سوپای پاسدارانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، هێرشێکی ''لەناکاو''ـیان کردووەتە سەر ناوەندی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەی (تەنەف)ی سووریا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هێرشەکە لە تۆڵەی هێرشی ئەمریکا بووە بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەرتەش لە شاری بەمپووری سیستان و بەلووچستان، کە حەوت سەرباز تێیدا کوژران.
بەشی پەیوەندییەکانی سوپای پاسداران رایگەیاندووە، لە هێرشەکەدا جیا لە تێکشکاندنی سیستمێکی راداری و چەندین هێلیکۆپتەری تایبەت، ژمارەیەکی زۆر سەربازی ئەمریکیش کوژراون.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا سوپای پاسداران باس لە تەنگەی هورمز دەکات و دەڵێت، کۆنترۆڵی تەواوی رێڕەوە ئاوییەکە ''وەک هەمیشە'' لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا دەمێنێتەوە و ''تاوەکو خراپەکارییەکانی ئەمریکا بەردەوام بن، یەک دڵۆپ نەوت و گاز لەم ناوچەیەوە هەناردە ناکرێت''.
هەفتەیەکە ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر کەناراوەکانی ئێران دەستپێکردووەتەوە و بە گوتەی خۆیان، هێرشەکان بۆ نەهێشتنی توانای مووشەکی و هێرشبەری ئێرانە بۆ سەر ئەو کەشتییانەی بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن.
لە 24 کاژێری رابردووشدا ژمارەیەک پردی ستراتیژیی بەستنەوەی چەند شار بە بەندەرعەباسی پارێزگای هورمزگان کراونەتە ئامانج کە رێڕەوێکی گرنگی گواستنەوەی کاڵا و شتومەک بوون.
لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش بە چەندین قۆناخ هێرشیان کردووەتە سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.


