رووداو دیجیتاڵ گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە لێدوانێکی تونددا، ئاسایشی تەواوەتیی تەنگەی هورمزی بەستەوە بە چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا و رایگەیاند، تاهەتایە تاران لەم پرسە پاشەکشە ناکات. رۆژی پێنجشەممە، 16ـی تەممووزی 2026، ئەبولفەزڵ شکارچی رایگەیاند، رێبازی کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای هێرشکردنە سەر دوژمن بە هێزێکی مەزن داڕێژراوە و گوتی: "ئەگەر دوژمنان بتوانیبایان ئێمە لەنێو ببەن، تەنانەت یەک کاژێریش چاوەڕوانیان نەدەکرد، بەڵام ئێمە هێزێکی گەورەمان بە ناوی 'گەل' هەیە کە دوژمنان ئەمە دەبینن." سەبارەت بە هێرش بۆ سەر ژێرخانەکان، هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشدارییان دا کە ئەگەر زیان بە ژێرخانی ئێران بگات، ئەوا تەواوی ژێرخانەکانی ناوچەکە دەبنە ئامانجی ئەوان. گوتەبێژەکەشی جەختی کردەوە، گوشارەکان نایانوەستێنێت و لە مافەکانیان لە تەنگەی هورمز سازش ناکەن. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، شکارچی، سوپای ئەمریکای بە پێشێلکار تۆمەتبار کرد و گوتی: "لە کاتی راگەیاندنی ئاگربەستەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا تەنانەت یەک رۆژیش تەنگەی هورمزیان جێ نەهێشتووە؛ ئەم ئامادەییە بەردەوامە وەک راگەیاندنی جەنگ وایە." هەروەها ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی توانای سەربازیی وڵاتەکەی کرد و گوتیشی: "تواناکانی ئێمە لە جەنگی رەمەزاندا بەراورد بە جەنگی 12 رۆژە چەند هێندە زیادی کردووە و بەردەوامین لە زیادکردنی هێزەکانمان تاوەکو بگەینە لووتکەی بەرگری و، چیدیکە رێگە بە هیچ دەستوەردانێک نادەین."