رووداو دیجیتاڵ شارەوانیی تاران، وێنەدیوارێکی نوێی لە گۆڕەپانێکی شارەکە هەڵواسیوە کە ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە مردنی سەرۆکی ئەمریکا دەکات. رۆژی پێنجشەممە، 16-07-2026، شارەوانیی تاران پەردەی لەسەر نوێترین وێنەدیواری گۆڕەپانی وەلیعەسری شارەکە لادا کە تێیدا ناڕاستەوخۆ هاتووە، دوای مردنی لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی کە 11ـی مانگ بە نەخۆشییەکی کتوپڕ گیانی لەدەستدا، نۆرەی مردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە. لە وێنەدیوارەکەدا دوو دەستەواژە بە زمانی ئینگلیزی دەبینرێن؛ یەکێکیان هاشتاگی "لیندزی گراهام"ـە و ئەوەی دیکەیان رستەی "کەسی دواتر کێیە؟"ـە (who is the next one?) کە تێیدا پیتەکانی D و T بە گەورەیی نووسراون. ئەم پیتانەش ئاماژەن بە پیتی یەکەمی ناو و پاشناوی دۆناڵد ترەمپ. پەردەلادان لەسەر وێنەدیوارەکە لەکاتێکدایە کە میدیاکانی ئێرانیش لیستێکی "تۆڵەسەندنەوە"ـیان بڵاوکردووەتەوە کە وێنە و ناوی دۆناڵد ترەمپ لەسەرووی هەموو ئەو سەرکردانەی ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی ئەورووپی هاتووە کە بە "بڕیاردەر" یان "بکەری"ـی کوشتنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران ناویان هاتووە. هاوکات بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لایەنگرانی حکوومەت، چەندین جار پێداگریی خۆیان بۆ تۆڵەسەندنەوەی کوژرانی عەلی خامنەیی دەربڕیوە و راستەوخۆ باسی کوشتنی سەرۆکی ئەمریکایان کردووە. دۆناڵد ترەمپیش وەک کاردانەوەیەک بە هەڕەشەی تیرۆرکردنی رایگەیاندووە: "هەزار مووشەک ئامادەکراون و ئاراستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکرێن، بە هەزارانی دیکەش دەستبەجێ بەدوایاندا ئاراستە دەکرێنەوە، ئەگەر تاران هەڕەشەکانی بۆ تیرۆرکردن یان هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکی ئەمریکا جێبەجێ بکات، کە لەم دۆخەدا مەبەستم خۆمە."