رووداو دیجیتاڵ گوتەبێژی قەرارگای خاتەمولئەنبیا هۆشداری دەداتە ئەمریکا و رایدەگەیێنێت، لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی ئێران، هەموو ژێرخانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ی تەممووزی 2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگای خاتەمولئەنبیا رایگەیاند: "ئەمریکا هێشتا لەسەر سەرکێشی و نائارامکردنی ناوچەکە بەردەوامە." ئیبراهیم زولفەقاری گوتی: "دووبارە جەخت دەکەینەوە کە لەژێر هیچ بارودۆخێکدا و بە هیچ شێوەیەک رێگە بە ئەمریکا وەک وڵاتێکی بێگانە و دەرەکی نادەین دەستوەردان لە تەنگەی هورمزدا بکات، ئەوە هێڵی سووری ئێرانە کە ناتوانرێت تێکبشکێنرێت." گوتەبێژی قەرارگای خاتەمولئەنبیا ئاماژەی بەوە کرد، لە ئەگەری جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی ئەم دواییەی سەرۆککۆماری ئەمریکا سەبارەت بە پێکانی ژێرخانەکانی ئێران لەلایەن سوپای ئەو وڵاتەوە، هەموو ئەو شتانەی هێشتا بە سەلامەتی ماونەتەوە، "لەژێر گورزە پۆڵایینەکانی هێزە چەکدارە بەهێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا تێکدەشکێنرێن، بە جۆرێک کە هیچ شوێنەوارێکیان نەمێنێت." ئیبراهیم زولفەقاری گوتیشی: "با دوژمن بزانێت، چرکەساتی داستان و حەماسەت بۆ ئێمە، چرکەساتی خۆپاراستن نییە. ئەوەی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە روودەدات، گورزێکی هاوتا نییە، بەڵکو گورزێکی بەهێزە؛ گورزێک کە تووندتر، بەرفراوانتر و وێرانکەرتر دەبێت لە هەمیشە." ئەم هۆشدارییەی ئێران لە کاتێکدایە، لە رۆژی سێشەممە 14ی تەممووزەوە، ئەمریکا گەمارۆی دەریایی بۆ سەر تەنگەی هورمز گەڕاندووەتەوە و شەوی رابردووش بۆ شەشەمین جار هێرشیکردە سەر پێگە جیاوازەکانی ئێران. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا سەبارەت بە بەردەوامیی هێرشەکان رایگەیاندووە: "هێرشەکان بەردەوام دەبن تاوەکو ئەو کاتەی من دەڵێم ئیتر بەسە." فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێت، ئامانج لەم هێرشانە کەمکردنەوەی توانای تارانە بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتییە بازرگانییەکان. لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی چڕی کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکان لە چەندین پارێزگای ئێران، لەوانەش: ئیسفەهان، مەرکەزی، هورمزگان، بووشەهر، سیستان و بەلووچستان و خوزستان؛ هەروەها هەردوو پارێزگای لوڕستان و ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان.