رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسداران رایگەیاند، لە ئەنجامی کارابوونی سیستمی بەرگریی ئاسمانی، درۆنێکی ئەمریکی لە بەندەر عەباسی باشووری وڵاتەکە خستووەتە خوارەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 15-07-2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی ئەمریکا، سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە بەندەر عەباسی ناوەندی پارێزگای هورمزگان کارا کراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سوپای پاسداران، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی بەندەر عەباس ''سەرکەوتووانە'' درۆنێکی ئەمریکی تێکشکاندووە و خستوویەتە خوارەوە.
وەک سوپای پاسداران دەڵێت، درۆنەکە لە جۆری (لۆکاس) بووە، کە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی سیخوڕی و هێرشبردن بەکاردەهێنرێت.
جیا لە بەندەر عەباس، ئەمڕۆ هێرشکراوەتە سەر چەند شوێنی دیکە وەک دوورگەی قیشم، دوورگەی هنگام و چەند شوێنی دیکە.
بەگوتەی فاتمە موهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر پارێزگاکانی باشووری ئێران 30 کەسی سڤیل کوژراون و بەگوێرەی تەندروستی ئێرانیش 260 کەسیش بریندار بوون.
لە هەمان کاتدا، سوپای ئێران (ئەرتەش) رایگەیاند، لە هێرشێکی مووشەکیی ئەمریکا بۆ سەر بنکەیەکی ئەرتەش لە بەمپووری سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، 7 سەربازی سوپا کوژران.



