رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی لە جەنگێکی جەوهەری دایە لەگەڵ ئەمریکا و دەڵێت: "دەبێت هەمیشە ئامادەی جەنگ بین و بۆ پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانمان تاوەکو سەر مەرگ بوەستین."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-07-2026، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا تیشکی خستە سەر ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی نێوان واشنتن و تاران و رایگەیاند، ئەمریکا لە هەر کاتێکدا بتوانێت، هەوڵدەدات گورز لە ئێران بوەشێنێت.
قالیباف لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی رووبەڕووی ستراتیژییەکی نەگۆڕی ئەمریکا بووەتەوە و گوتی: "ئێمە لە شەڕێکی جەوهەری داین لەگەڵ ئەمریکا، کە ئامانجەکەی جگە لە رووخاندنی کۆماری ئیسلامی، پارچەپارچەکردنی وڵاتە ئازیزەکەمان، ئێرانە."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران باسی لەوەش کرد کە تاران هیچ کات پێشوازی لە جەنگ نەکردووە، بەڵام جەختی کردەوە "هیچ رێگەیەکی دیکەمان نییە جگە لە پشت بەستن بە توانای خۆمان و بەهێزبوون."
سەبارەت بە لێکتێگەیشتنەکان لەگەڵ ئەمریکا، قالیباف رایگەیاند پابەندبوونی ئەوان بەستراوەتەوە بە پابەندیی لایەنی بەرامبەر و گوتی: "ئەگەر بڕیار بێت ئێران سوود لە لێکتێگەیشتننامەکە وەرنەگرێت، ئێمەش لەسەر بنەمای سیاسەتی 'چاو بەرامبەر چاو' هیچ هۆکارێکمان نییە بۆ پابەندبوون پێوەی."
قالیباف بەرگریی لە داخستنی تەنگەی هورمز کرد لە کاتی گرژییەکاندا و گوتی: "ئێمە لە شەڕی 40 رۆژەدا بە دروستی تەنگەی هورمزمان داخست، چونکە ببووە هۆی نائارامی و ئاسایشی نەتەوەیی ئێمەی خستبووە مەترسییەوە."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی رێگەی دیپلۆماسی و دانوستاندن وەک ئامرازێک بۆ جێگیرکردنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان بەکاردەهێنێت، بەڵام جەختی کردەوە کە "هێزە چەکدارەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر دەستدرێژییەکی دوژمن، دەستکراوەیی و ئازادیی تەواویان هەیە."
قالیباف رایگەیاند، ئەمریکا دەیەوێت بە زەبری هێز کاریگەریی رێوشوێنەکانی ئێران لە تەنگەی هورمز کەم بکاتەوە، بەڵام "ئێران بە پشتبەستن بە هێزی خۆی، رێگە نادات ئیرادەی دووژمن بسەپێنرێت."




