رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاریی هورمزگان رایگەیاند، ئەمشەو لە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی فارور، بەڕێوەبەرێکی تۆڕی گەیاندنی پارێزگاکە کوژراوە و دوو کارمەندیش بریندار بوون.
رۆژی یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، پارێزگاریی هورمزگان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، چەندین ناوچەی پارێزگاکە، لەوانەش شاری بەندەرعەباس، دوورگەی قیشم، بەندەری لنگە، حاجی ئاباد و دوورگەی فارور لەلایەن ئەمریکاوە هێرشیان کرایە سەر.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، "لە هێرشەکەی سەر دوورگەی فارور، نوح مەهدەوی، سەرۆکی فەرمانگەی چاککردنەوە و راگرتنی تۆڕی پەیوەندیی هەمراهی ئەوەڵ لە پارێزگای هورمزگان (تۆڕێکی سەرانسەریی مۆبایلە لە ئێران) لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی ئاسایی خۆیدا کوژراوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون."
پارێزگاریی هورمزگان دەڵێت، دامودەزگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی زیانەکانی هێرشەکانی ئێوارەی ئەمڕۆن و دواتر زانیاریی زیاتر بڵاودەکەنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی میهر رایگەیاند، دوورگەی قیشم بە خەستی کراوەتە ئامانج و لانیکەم دەنگی چوار تەقینەوەی بەهێز لە ناوچەی مەسەنی دوورگەکە بیستراوە.
ئاژانسەکە دەڵێت، ئەمشەو دوورگەی ئەبوومووساش بە دوو مووشەک هێرشی کراوەتە سەر، بەڵام بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان هێرشەکە زیانی نەبووە.
بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، ئێوارەی ئەمڕۆ هێرش کراوەتە سەر شارەکانی بەندەرعەباس، حاجی ئاباد، بەندەری لنگە و دوورگەکانی فارور و قیشم لە پارێزگای هورمزگان و دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لەو ناوچانە بیستراون.



.png&w=3840&q=75)