رووداو دیجیتاڵ
دەنگی چەندین تەقینەوە لە چەند شارێکی باشووری ئێران بیسترا. قایمقامی دوورگەی قیشم دەڵێت، دوورگەکە بە 10 بۆ 11 مووشەک کراوەتە ئامانج.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، دەوروبەری کاژێر 07:00ـی شەوی یەکشەممە بە کاتی تاران (06:30 بە کاتی هەولێر) دەنگی چەندین تەقینەوە لە شارەکانی بەندەرعەباس، حاجی ئاباد، بەندەری لنگە و دوورگەکانی فارور و قیشم بیستراون.
ئاژانسی هەواڵی فارس نیوز، نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە شاری بەندەرعەباس دەنگی چەند تەقینەوەیەک بیستراوە کە بە گوتەی شایەتحاڵەکان، دەنگەکان لە بەشی رۆژهەڵاتی شارەکە بەهێزتر بوون.
فارس نیوز دەڵێت، لە سنووری دەریایی دوورگەی قیشم کە دەکەوێتە تەنگەی هورمز، دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
بەگوێرەی ئاژانسەکە، دانیشتووانی ناوچەی مەسەن لە باشووری دوورگەی قیشم پشتڕاستیان کردووەتەوە کە دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە ناوچەکەیان بیستراوە.
حوسێن ئەمیرتەیمووری، قایمقامی قیشم رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ بە مووشەک هێرش کرایە سەر دوورگەکە و نزیکەی 10 تاوەکو 11 مووشەک ئاراستەی دوورگەکە کراون.
قایمقامی قیشم هەروەها دەڵێت، هەموو ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، پێگەی سەربازین، بەڵام هێرشەکە زیانی نەبووە.
ئاژانسی هەواڵی ئیرناش بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ دەنگی چەندین تەقینەوە لە شاری بەندەرعەباس بیستراوە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان هێرش کراوەتە سەر ئامانجە سەربازییەکانی شارەکە.
ئیرنا دەڵێت، هەروەها دوژمن هێرشی کردووەتە سەر شارەکانی حاجی ئاباد، بەندەری لنگە و دوورگەکانی فارور و قیشم.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئیرنا، لە هێرشکردنە سەر دوورگەی فاروردا، کەسێک کوژراوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی فارس نیوز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری سەربازیی ئێرانەوە رایگەیاند، لە هێرشەکانی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کوێت، سێ سەربازی ئەمریکی کوژراون.
فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندووە، شەوی رابردوو هێزەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر 140 ئامانجی سەربازی لەنێو خاکی ئێران. هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش لە بەرامبەردا چەندین وڵاتی ناوچەیان کردە ئامانج.


.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)