رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان سێیەم گەڕی هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی نێو خاکی ئێران دەستپێکرد، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی سێنتکۆم، هێرشەکە دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بە شێوەیەکی "ئاشکرا" هێرشیان کردە سەر کەشتیی بارهەڵگری (M/V GFS Galaxy) کە ئاڵای قوبرسی لەسەر بووە و لە تەنگەی هورمز تێپەڕیوە.
پێت هێگسس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە پەیامێکی هەڕەشەئامێزدا دەڵێت: "ئێران بەو کارە هەڵەی کرد و ئێستا باجەکەی دەدات."
وەزیری جەنگ ئاماژەی بەوەش کرد کە چەندین دەرفەت درایە ئێران بۆ ئەوەی پابەندی لێکتێگەیشتنە نێودەوڵەتییەکان بێت، بەڵام جارێکی دیکە شکستی هێنا.
هەروەها سێنتکۆم لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە: "بەهۆی هێرشەکەی ئێرانەوە، کارمەندێکی مەدەنیی کەشتییەکە بێسەروشوێنە، ئاگر لەنێو کەشتییەکەدا کەوتووەتەوە و زیانێکی زۆر بە ژووری بزوێنەرەکەی گەیشتووە، بەو هۆیەشەوە کەشتییەکە پەکی کەوتووە."
ئەو شوێنانەی لە ئێران کراونەتە ئامانج:
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە ماڵپەڕی (ئەکسیۆس)ـی ئەمریکی راگەیاندووە، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر چەندین پێگەی ستراتیژیی بووە لەنێو ئێراندا، لەوانە:
- رادارەکانی چاودێریی ئاسمانی و دەریایی.
- کۆگاکانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن).
- بنکەکانی هەڵدانی مووشەک و درۆن.
- سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی (زەوی بۆ ئاسمان).
بەگوێرەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئامانجی هێرشەکان تیکشکاندنی تواناکانی ئێرانە بۆ پارێزگارییە لە هێرشکردنە سەر کەشتییە مەدەنییەکان و تێکدانی ئاسایشی دەریاوانی لە تەنگەی هورمز.
.png&w=3840&q=75)

