رووداو دیجیتاڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، سەرەڕای دەستکەوتە سەربازییە گەورەکان، هێشتا جەنگ کۆتایی نەهاتووە و وڵاتەکەی رووبەڕووی ئاڵنگاریی نوێ و سەرهەڵدانی بەرەی مقاوەمەی نوێ دەبێتەوە. رۆژی پێنجشەممە، 9ـی تەممووزی 2026، بنیامین نەتەنیاهوو لە رێوڕەسمی دەرچوونی فڕۆکەوانە نوێیەکانی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هەرچەندە هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە تێکشکاندنی حەماس و حیزبوڵڵا دەبینێت و گورزی کەموێنەی لە ناوخۆی ئێران داوە، بەڵام "جەنگەکە هێشتا تەواو نەبووە." نەتەنیاهوو لە گوتارەکەیدا رووی دەمی کردە فڕۆکەوانەکان و گوتی: "هاوشانی ئاڵنگارییە کۆنەکان، ئاڵنگاریی نوێ سەرهەڵدەدەن؛ بەرەکان دەڕووخێن و بەرەی نوێش دروست دەبن." جەختیشی کردەوە، ئیسرائیل بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەیە و دەبێت هەمیشە لە دوژمنەکانی بەهێزتر بێت. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تیشکی خستە سەر دەستکەوتە سەربازییەکانیان و گوتی، هێزی ئاسمانی رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبووە لە چوونە نێو (رەفەح)، کۆنترۆڵکردنی میحوەری (فیلادێلفیا) و کوشتنی سەرکردە باڵاکانی حەماس و حیزبوڵڵا، لەوانەش حەسەن نەسروڵڵا. ئاماژەی بەوەش کرد، زۆرینەی ئەو 150 هەزار مووشەکەی حیزبوڵڵا پێش دەستپێکردنی جەنگ هەیبوو، تێکشکێندراون. نەتەنیاهوو بەتایبەتی باسی هێرشەکانی بۆ سەر تاران کرد و گوتی: "بەرەی ئێرانی لە هەموو کاتێک لاوازترە، لە کاتێکدا ئیسرائیل لە هەموو کاتێک بەهێزترە. پێکەوە نەک تەنیا رووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستمان گۆڕی، بەڵکو پێش هەموو شتێک خۆمان گۆڕی؛ داهێنەر بووین و هێرشمان کرد." جەختیشی کردەوە، سوپای وڵاتەکەی سەلماندوویەتی "دەستی درێژی هێزی ئاسمانیمان دەگاتە هەموو شوێنێک، لە یەمەنەوە تاوەکو ئێران." ئەم گوتارەی نەتەنیاهوو لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە کۆتاییهاتنی ئاگربەستی لەگەڵ ئێران راگەیاند و هێزەکانی سێنتکۆم 90 ئامانجیان لە ناوخۆی ئێران بۆردوومان کرد و لە دوو رۆژی رابردوودا هێرشەکانی بۆ سەر ئێران چڕکردووەتەوە و لە بەرامبەردا ئێران بنکە سەربازییەکانی وڵاتانی کەنداوی کردووەتە ئامانج.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست09-07-2026سوپای پاسدارانی ئێران: چوار بنکەی ئەمریکامان لە کوێت و بەحرێن مووشەکباران کرد