رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کوێت و بەحرێن راگەیاند و گوتی، ژێرخان و دامەزراوە گرنگەکانی ئەو بنکانەیان کردووەتە ئامانج.
لە راگەیێندراوی فەرمیی سوپای پاسداران کە بەیانیی رۆژی پێنجشەممە 09-07-2026 بڵاوکرایەوە، هاتووە کە هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانیان لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی مووشەکی و درۆنیدا، تەنیا چەند کاژێرێک دوای هێرشەکانی ئەمریکا، ژێرخان و دامەزراوە سەربازییەکانی چوار بنکەی ئەمریکایان تێکشکاندووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کوێت هێرش کراوەتە سەر هەردوو بنکەی عەریفجان و عەلی سالم، لە بەحرێنیش، بنکەکانی جوفەیر و شێخ عیسا کراونەتە ئامانج.
سوپای پاسداران روونیکردەوە، ئەم هێرشە تۆڵەسەندنەوەیە دوای ئەوە هات، ئەمریکا سەرجەم بەڵێنەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی پێشێل کرد و چەندین ناوچەی کەناراوی لە باشووری ئێران و دوو پردی گواستنەوەی لە پارێزگەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکە بەرەو شاری مەشهەد بۆردوومان کرد.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەمریکا بەم هێرشانە ویستوویەتی پێشاندانی هێزی جەماوەر لە رێوڕەسمی بەڕێکردنی 23 کاژێریی تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران لە تاران و عێراق بشارێتەوە و میدیا بە لایەکی دیکەدا بەرێت.
له کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، سوپای پاسداران هۆشداریی تووندی دایە سوپای ئەمریکا و رایگەیاند: "لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەر دەستدرێژییەکی سەربازی، وەڵامە تووند و تێکشکێنەرەکانمان بۆ سەر سەرجەم بنکە سەربازییەکانی دیکەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەرفراوانتر دەبن."

.jpg&w=3840&q=75)