رووداو دیجیتاڵ محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هۆشداریی دایە سەرکردەکانی ئەمریکا و رایگەیاند، ئەگەر هێرش بکەن، وەڵامیان دەدرێتەوە، هەروەها گوتی، تەنگەی هورمز تەنیا بە "رێوشوێن و مەرجەکانی ئێران" دەکرێتەوە، نەک بە هەڕەشەکانی ئەمریکا. رۆژی پێنجشەممە 09-07-2026، قالیباف لە پۆستێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رووی لە بەرپرسانی واشنتن کرد و نووسی: "ئەمریکا هێشتا فێر نەبووە کە زۆرداری و پەیمانشکێنی چیدی بەبێ باج نییە. بە روونی دەڵێم: لێبدەن، لێتان دەدرێتەوە [هێرش بکەن، هێرشتان دەکرێتە سەر]." سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە درێژەی هۆشدارییەکانیدا بۆ ئەمریکا نووسیویەتی: "بەبێهودە هەوڵ مەکەن، چونکە زیاتر نقوم دەبن؛ تەنگەی هورمز تەنیا بە رێوشوێن و مەرجەکانی ئێران دەکرێتەوە، نەک بە هەڕەشەکانی ئەمریکا." ئەم هۆشدارییە تووندەی ئێران لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە بە فەرمی رایگەیاند، رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران کۆتایی هاتووە و سوپای ئەمریکاش هێرشی کردە سەر دەیان ئامانجی سەربازیی ئێران، لە کاتێکدا سوپای پاسدارانی ئێرانیش بە مووشەکبارانکردنی بنکەکانی ئەمریکا لە کوێت و بەحرێن وەڵامی دایەوە. لەگەڵ هێرشەکان، هێزی دەریایی ئەمریکا 19 کەشتیی جەنگیی لە نزیک ئێران جێگیرکردووە و نرخی نەوتیش گەیشتە 80 دۆلار. رۆژی پێنجشەممە، 08-07-2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیال لە بارەی هێرشەکانەوە نووسی: "ئەمە تۆڵەیەکە بۆ بۆردوومانەکەی دوێنێی کەشتییەکان لەلایەن ئێرانەوە. ئەگەر ئەمە دووبارە ببێتەوە، [دۆخەکە] زۆر لەوە خراپتر دەبێت." رۆژی چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، لەسەر فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستیان بە هێرشی سەربازیی زۆرتر بۆ سەر ئێران کردووە. سێنتکۆم راشیگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئێران بە بەرپرسیار دەزانێت لەو شەڕانگێزییە بێ پاساوانەی بەرامبەر کەشتییە بازرگانییەکان و تیمە مەدەنییەکان کردوونی."
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست09-07-2026سوپای پاسدارانی ئێران: چوار بنکەی ئەمریکامان لە کوێت و بەحرێن مووشەکباران کرد