رووداو دیجیتاڵ
دوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، راوێژکاری سەربازی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران هۆشداری دایە ئەمریکا و رایگەیاند "بە تووندی سزا دەدرێن."
پێنجشەممە 9-7-2026 موحسین رەزایی، راوێژکاری سەربازیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی: "دووژمن و هاودەستەکانی بە تووندی سزا دەدرێن."
ئەو هەڕەشەیەی رەزایی، دوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بوو بۆ سەر ئێران، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لە لوتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە رایگەیاند، کۆتایی بە ئاگربەستی شەڕ لەگەڵ ئێران هێنا و بە تووندی لێیان دەدەنەوە.
بۆ دووەم شەو لەسەر یەک، ئەمریکا هێرشی کردەوە سەر ئێران، بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا هێرشەکانی شەوی چوارشەممە لە هێرشەکانی شەوی سێشەممە زیاترن. سێنتکۆم رایگەیاندبوو لە هێرشەکانی شەوی پێشوودا 80 ئامانجیان لە ئێران بۆردوومان کردووە.
هێرشەکانی شەوی چوارشەممە چەندین ناوچەی لە باشووری ئێران گرتەوە، لەوانە چابهار، کونارەک، سیریک، جاسک و بەندەر عەباس، کە دەنگی تەقینەوەی بەهێزیان تێدا بیستراوە.
جێگری پارێزگاری بوشەهر بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی رایگەیاند، بنکەیەکی سەربازی لە باشووری شاری بوشەهر بە دوو مووشەک کراوەتە ئامانج و تاوەکو ئێستا زیانەکانی هێرشەکە نەزانراون.
ئاژانسی هەواڵی "مێهر" بڵاویکردەوە، لە شارەکانی چابهار و کونارەک دەنگی نزیکەی 10 تەقینەوە بیستراو
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای پارێزگای سیستان و بەلوچستان رایگەیاند، بەهۆی "هێرشەکانەوە سێ هێڵی سەرەکیی گواستنەوەی کارەبا لە شاری چابهار پچڕاون.
دوای دەنگی تەقینەوەکان فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، لەسەر فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستیان بە هێرشی سەربازیی زۆرتر بۆ سەر ئێران کردووە.
سێنتکۆم راشیگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئێران بە بەرپرسیار دەزانێت لەو شەڕانگێزییە بێ پاساوانەی بەرامبەر کەشتییە بازرگانییەکان و تیمە مەدەنییەکان کردوونی."

