رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆکی وڵات دەستیان بە شەپۆلێکی نوێی هێرش بۆ سەر ئێران کردەوە، تاوەکو تواناکانی تاران بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی دەریاوانی کەمبکەنەوە.
رۆژی چوارشەممە، 08-07-2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوە، هێزەکانیان دەستیان کردووە بە هێرشی زۆرتر بۆ سەر ئێران تاوەکو تواناکانی ئەو وڵاتە بۆ هەڕەشەکردن لە ئازادیی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز نەهێڵن.
سێنتکۆم رایگەیاندووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئێران بەرپرسیار دەزانێت لەو "شەڕانگێزییە بێ پاساوانەی" ئەم دواییە بەرامبەر کەشتییە بازرگانییەکان و تیمی کەشتییە سڤیلەکان کردوونی. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو کەشتییانە لە رێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتیی گرنگدا گەشت دەکەن و ئەمریکا رێگە نادات ئاسایشیان تێکبدرێت.
ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە بە فەرمی هەڵوەشانەوەی ئاگربەستی لەگەڵ ئێران راگەیاند و گوتی: "ئەوان هەموو رۆژێک رێککەوتنەکە پێشێل دەکەن؛ بۆیە پێدەچێت ئەمشەو زۆر بە تووندی لێیان بدەین." لە هەمان کاتدا، سێنتکۆم پێشتر رایگەیاندبوو، 80 ئامانجی سەربازی، بنکەی دەریایی و شوێنی هاوێشتنی مووشەکی ئێرانیان بۆردوومان کردووە.
جەنگی ئێران کە لە کۆتایی مانگی شوبات بە ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر" دەستیپێکرد، بووەتە هۆی پەککەوتنی هەناردەی وزە لە تەنگەی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا. واشنتن جەخت دەکاتەوە، تاوەکو تاران پابەندی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە نەبێ، بژارە سەربازییەکانیان دژی تاران بەردەوام دەبن.
.jpg&w=3840&q=75)


