رووداو دیجیتاڵ
پەیوەندییە گشتییەکانی ناوچەی سێیەمی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران لە بەندەر ماهشەهر رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ پاسدارێکیان لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی درۆندا کوژراوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، ئەم ئەندامەی سوپای پاسداران لە کاتی بەجێهێنانی ئەرک و بەرگریکردن لە سنوورە ئاوییەکانی باشووری ئێران دا کوژراوە.
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، وەک تۆڵەیەک بۆ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز، زیاتر لە 80 ئامانجی سەربازییان لە ناوخۆی ئێران پێکاوە؛ لەوانەش سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، رادارەکانی کەناراو و بنکەکانی سوپای پاسداران.
لە بەرامبەردا، سوپای پاسداران لە میدیای فەرمیی وڵاتەکە بڵاویکردەوە، هێزی دەریایی و ئاسمانی سوپای پاسداران لە ئۆپەراسیۆنێکی مووشەکی و درۆنیدا، 85 بنکەی سەرەکیی سەربازیی ئەمریکایان لە ناو خاکی کوێت و بەحرێن پێکاوە.
سوپای پاسداران ئەم هێرشە بەرفراوانەی وەک "وەڵامی سەرەتایی بۆ دەستدرێژییەکانی ئەمریکا" وەسفکرد و ئاشکرایشی کرد، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا توانیویانە درۆنێکی پێشکەوتووی ئەمریکی لە جۆری (ئێم کیو-9) بخەنە خوارەوە.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە، تەنیا سێ هەفتە بەسەر واژۆکردنی "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد" لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و مەسعود پزیشکیان تێدەپەڕێت.
ئەو رێککەوتنە بڕیاربوو کۆتایی بە جەنگی 110 رۆژەی نێوان هەردوولا بهێنێت، بەڵام چەندین هۆکار بوونە بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی، لەوانە تەنگەی هورمز.
ئێران پێداگری لەسەر وەرگرتنی باج (سەرانە) لە کەشتییەکان دەکات، بەڵام واشنتن بە تووندی رەتیدەکاتەوە و بە "چەتەگەری" وەسفی دەکات.
سەبارەت بە لوبنان، تاران دەڵێت: ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە بۆ راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، بۆیە ئەوانیش ئاگربەستەکەیان بە هەڵوەشاوە داناوە.
دۆناڵد ترەمپ هۆشداری داوە کە ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە تێکدانی ئاسایشی دەریاوانی، ئەوا "چیدیکە وەک دەوڵەت نامێنێتەوە."



.jpg&w=3840&q=75)