رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێران رایگەیاند، لە شاری بوشێهر و دەوروبەری دەنگی چەند تەقینەوەیەک بیسترا و ئێران شەپۆلێکی نوێی هێرشی بۆسەر بەحرێن دەست پێکرد.
رۆژی چوارشەممە 08-07-2026 ئاژانسی مێهر و تەسنیمی ئێران بڵاویانکردەوە، لە شاری بوشێهر و دەوروبەری دەنگی چەند تەقینەوەیەک بیسترا.
هەمان سەرچاوە رایانگەیاند، ئێران شەپۆلێکی نوێی هێرشی کردە سەر [بنکەکانی ئەمریکا لە] بەحرێن.
هاوکات وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن سێیەم زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا و داوای لە دانیشتووانی کرد لە شوێنی پارێزراودا بمێننەوە.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی کوێت رایگەیاند، سەرکۆنەی "دووژمنکارییە" دووبارەبووەکانی ئێران دەکەن و بە "پێشێلکردنی سەروەریی و ئاسایشی وڵات" ناویان برد.
بەیانیی زووی ئەمڕۆ چوارشەممە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، "هێزەکانی ئەمریکا سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، تۆڕەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، وێستگەی راداری کەناراوەکان و توانای مووشەکیی دژە کەشتیی ئێرانیان کردە ئامانج."
سێنتکۆم بڵاویکردەوە، زیاتر لە 60 بەلەمی بچووکی سوپای پاسدارانی ئێران لەنێو تەنگەی هورمز و دەوروبەری تێکشکێندران، ئامانج لەم هەنگاوەش "لاوازکردنی توانای ئێرانە بۆ هێرش دژی کەشتییە بازرگانییەکان لەو رێڕۆ نێودەوڵەتییەدا."
دوای ئەوە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا، دەیان بنکە و دامەزراوەی سەربازیی ئەو وڵاتەیان لە کوێت و بەحرێن کردووەتە ئامانج.
سوپاکە رایگەیاند، هێزی دەریایی و ئاسمانی سوپای پاسداران لە ئۆپەراسیۆنێکی مووشەکی و درۆنیدا، 85 بنکەی سەرەکیی سەربازیی ئەمریکای لە کوێت و بەحرێن کردە ئامانج.
ئەم دۆخە لە کاتێکدایە، تەنیا سێ هەفتە بەسەر واژۆکردنی (یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد) لەنێوان دۆناڵد ترەمپ و مەسعود پزیشکیان تێپەڕیوە.



