رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتی دەکاتەوە سوپای وڵاتەکەی دەستی هەبووبێت لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکی سەر بە قەتەر لە تەنگەی هورمز و کردەی لەو شێوەیە بە پێچەوانەی بنەمای دراوسێیەتیی باش ناودەبات.
ئیسماعیل بەقایی،گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە تۆمەتبارکردنی سوپای وڵاتەکەی و ئەنجامدانی بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکی سەر بە قەتەر لە تەنگەی هورمز رەتکردەوە.
بەقایی ئاماژەی بە بڕگەی 5ی لێکتێگەیشتنی کۆتایهێنان بە شەڕ کرد، کە لە 18ی حوزەیرانی 2026 واژۆ کرا و تێیدا کۆماری ئیسلامیی ئێران پابەند کراوە بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لەبارەی ئاسایشی تەنگەی هورمز. ئەو بەرپرسەی ئێران گوتی: "ئێران بە جیدی کار لەسەر جێبەجێکردنی پابەندییەکانی دەکات."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە رۆڵی نێوەندگیریی قەتەر کرد و گوتی: "داوا لە وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەتی قەتەر کە خۆی وەک نێوەندگیر لە بەشێکی زۆری وردەکارییەکانی ئەم لێکتێگەیشتنە ئاگادارە و هەروەها کۆمپانیاکانی کەشتیوانی دەکەین، لە هەر کارێک کە پێچەوانەی ناوەڕۆکی لێکتێگەیشتنەکە بێت خۆیان بەدوور بگرن."
بەقایی رەخنەی لە هەڵسوکەوتی هەندێک کەشتیی بازرگانی گرت کە بێ هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێراندا بە بەشێک لە رێڕەوەکاندا تێدەپەڕن و ئامێری شوێنپێهەڵگرتنی کەشتییەکانیان دەکوژێننەوە بۆ ئەوەی لە سیستمی چاودێری ون بن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، ئەم کردەوانە مەترسیی پێکدادان، کێشەی ژینگەیی و نائارامیی رێڕەوەکە دروست دەکەن و دەبنە رێگر لەبەردەم هەوڵەکانی تاران بۆ دابینکردنی رێڕەوێکی ئارام لە تەنگەی هورمزدا.
ئەمڕۆ سێشەممە، سێ بەرپرسی ئەمریکی رایانگەیاند، شەوی رابردوو ئێران هێرشی کردوەتە سەر دوو کەشتی لە تەنگەی هورمز و ئەمڕۆش هێرشی کردوەتە سەرکەشتییەکی دیکە.
خاوەندارێتی یەکێک لە کەشتییەکان بۆ قەتەر دەگەڕێتەوە و ئەوەش وایکرد، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر سەرکۆنەی هێرشەکە بکات و تەنانەت جێگری باڵیۆزی ئێران لە وڵاتەکەی بانگ بکات.
.jpg&w=3840&q=75)


