رووداو دیجیتاڵ
یەکەم کۆبوونەوەی سنووری لە نێوان پاسەوانی سنووری عێراق و سووریا لە ئەنبار کرا. بەگوتەی سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنى پارێزگاکە، باسی هاوئاهەنگی کراوە بۆ تووندکردنەوەی سنوور و رێگری لە دزەکردنی "تیرۆریستان و قاچاخبردنی مادەی هۆشبەر".
کۆبوونەوەکە 6ـی تەممووز لە قەزای قائیم لە پارێزگای ئەنبار کراوە. محەممەد عەبدولوەهاب سوکەر، فەرماندەی پاسەوانانی سنووری عێراق و حەسەن عەبدولغەنی، فەرماندەی پاسەوانانی سنووری سووریا بەشدار بوون.
بەگوێرەی راگەیێنراوێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەوە یەکەم کۆبوونەوەی سنووری بووە لە نێوانیان.
سەعد غازی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە تۆڕی میدیاییی رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەکە بۆ بەهێزکردنی هاوئاهەنگی بووە لەنێوان پاسەوانانی سنووری هەردوولا لەبارەی پاراستن و تووندکردنەوەی سنووری نێوان عێراق و سووریا.
درێژیی سنووری نێوان عێراق و سووریا 610 کیلۆمەترە، سێ دەروازەی سنووریی فەرمی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەن کە رەبیعە، قائیم و وەلید-ن.
سەعد غازی رایگەیاند، کۆبوونەوەکە "بۆ رێگری بووە لە دزەکردنی تیرۆریستان و قاچاخبردنی مادەی هۆشبەر لەو سنوورەوە"، ئەو هاوئاهەنگییەش لە دەروازەی سنووریی رەبیعەوە تاوەکو قائیمی گرتووەتەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی ئەوە کراوە کەگۆڕینەوەی زانیاریی نێوانیان زیاتر بکەن.
فەرماندەی پاسەوانانی سنووری عێراق رایگەیاند، ئەو کۆبوونەوەیە بووەتە بنەمای ژمارەیەک لێکتێگەیشتن بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە درێژاییی سنووری نێوان هەردوو وڵات.




