رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (ئۆرسام) بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێرشی حوسییەکان بۆ سەر سعودیە یەکەم تاقیکردنەوەی هاوپەیمانیی بەرگریی هاوبەشی مەککەیە کە لەنێوان تورکیا، سعودیە و پاکستان دا واژۆ کراوە.
قادر تەمیز، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (ئۆرسام)، میوانی بوڵتەنی کاژێر 13:00ـی هەواڵەکانی رووداو بوو و لەگەڵ هێڤیدار زانا، پێشکەشکاری رووداو گفتوگۆی لەبارەی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر سعودیە و هاوپەیمانیی بەرگریی هاوبەشی مەککە کرد.
سەرۆکی ئۆرسام ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکان راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژێرخان و ئاسایشی وزەی سعودیە هەیە و ئەمەش تاقیکردنەوەیەکی گرنگە بۆ هاوپەیمانیی مەککە و گوتی: "ئێمە وەک ئۆرسام ئاماژەمان بەوە کردووە کە گەورەترین تاقیکردنەوە رەنگە لەلایەن حوسییەکانەوە بێت و ئەوەش روویدا."
قادر تەمیز لەبارەی ئەوەی ئایا سعودیە لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی مەککە دا داوای پشتیوانیی سەربازیی لەتورکیا و پاکستان کردووە، رایگەیاند، تاوەکو ئێستا داواکارییەکی فەرمی نییە.
تەمیز گوتیشی، چاوەڕوانیی سعودیە بۆ پشتیوانی لەهاوبەشە هەرێمییەکانی شتێکی ئاساییە و گوتی: "ئێستا هاوپەیمانییەکە هەوڵ دەدات بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو چاوەڕوانییەک بەڕێوەببات. ئەمە بەواتای ئەوە نایەت کە راستەوخۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دەستپێبکات."
ئاماژەی بەوەشکرد، پشتیوانییەکان تەنیا بەدەستوەردانی سەربازیی راستەوخۆ سنووردار نابن و رەنگە پشتیوانیی سیاسی، هاوئاهەنگیی سەربازی، ئاڵوگۆڕی هەواڵگری و پشتیوانیی توانای تەکنیکیش بێنە رۆژەڤەوە.
سەرۆکی ئۆرسام ئەوەشی خستەڕوو، هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر حوسییەکان نوێ نییە، بەڵام هاوپەیمانیی مەککە هێشتا پێکهاتەیەکی نوێیە.
قادر تەمیز گوتی، ئەو کۆبوونەوانەی دەکرێن تەنیا بۆ تاوتوێکردنی پێداویستییە سەربازییەکان نابن و "تارادەیەک گفتوگۆی دامەزراوەیی لەبارەی چۆنییەتی کارکردنی هاوپەیمانیی مەککە و چۆنییەتی جێبەجێکردنی پرۆسەکانی بڕیاردان دەکرێت."
لەبارەی ئەگەری ئەوەی هاوپەیمانیی مەککە تورکیا بکاتە لایەنێک لەجەنگەکە دا، رایگەیاند، هاوپەیمانییەکە دژی وڵات یان گرووپێکی دیاریکراو دانەمەزراوە.
تەمیز گوتی، "تورکیا لێرە دا لایەنگری ئاشتی و سەقامگیری دەبێت. ئامانج ئەوە نییە بەدیاریکراوی دژی هیچ گرووپێک یان وڵاتێک بیت. هاوپەیمانییەکان بەوشێوەیە کارناکەن. پێویستە هەڵوێستەکان لەگەڵ ئامانجە سەرەکییەکان، بەرژەوەندییەکان و مەبەستەکانی دامەزراندنی هاوپەیمانییەکە دا بگونجێن."
بەگوتەی سەرۆکی ئۆرسام، هاوپەیمانیی مەککە ئامانجی سەقامگیریی هەرێمییە و پێکهاتەکە دژی ئێران، ئیسرائیل یان هیچ وڵاتێکی دیکە دانەمەزراوە و گوتی، "لێرە دا بیر لەخزمەتکردنی ئامانجی هیچ وڵاتێکی سێیەم یان هێزێکی دەرەکی ناکرێتەوە."
قادر تەمیز رایگەیاند، هاوپەیمانەکە میکانیزمێکە دژی ئەو پێشهاتانەی کە رەنگە ببنە هۆی نائارامیی هەرێمی و گوتی: "ئەمە هیچ وڵاتێکی دیاریکراو ناکاتە ئامانج. وڵاتانی ناوچەکە خۆیان بەدوای چارەسەری کێشەکانیان دا دەگەڕێن."
پێشبینیشی کرد بەشداریکردنی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و رەنگە لەداهاتوو دا فراوانتر بێت.


