رووداو دیجیتاڵ
هێرشی سەر قوتابخانەکەی میناب لە ئێران تووندترین هێرش بوو لەماوەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، زۆربەی قوربانییەکان منداڵ بوون، زۆری قوربانییانی سڤیل و مشتومڕەکان لەوبارەوە وایکردووە هێشتا دۆسیەکە کراوە بێ، لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا تەواوبوون بەڵام هێشتا ئەنجامەکەی رانەگەیێنراوە، سەرەڕای ئەوەش وردەکاریی دیکە ئاشکرا دەبن.
دوای زیاتر لە 120 رۆژ بەسەر بۆردوومانی قوتابخانەی 'شەجەرە تەییبە' لە میناب بە مووشەک، هێشتا هیچ لێپرسینەوە و روونکردنەوەیەکی کۆتایی لەسەر ئەوەی روویدا، نییە.
ئیدارەی ترەمپ هێشتا راستەوخۆ بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە یان ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکەی وەزارەتی جەنگ لەسەر بۆردوومانەکە بە فەرمی بڵاونەکراوەتەوە، بەپێی قسەی بەرپرسێکی ئەمریکی هەر لە سەرەتاوە سوپای ئەمریکا بەڵگەی لەبەردەست بووە شوێنی قوتابخانەکە کراوەتە ئامانج.
میدیای ئەمریکا هێشتا پرسیار دەکات لەبارەی ئەو هێرشە و دەرەنجامەکەی و لێکۆڵینەوەکان، هێرشەکە لە حەوشەی قوتابخانەکەدا لە بەیانیی 28ـی شوبات روویدا، ئەوەش بە پشتبەستن بە گرتە ڤیدیۆییەکان، راپۆرتەکانی مافی مرۆڤ و گفتوگۆ لەگەڵ توێژەران و کەسانی سڤیل لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران.
هێشتا زۆر لە وردەکارییەکان سەبارەت بە بۆردوومانەکە نادیارن، چونکە نەبوونی زانیاری لەلایەن وەزارەتی جەنگی ئەمریکا و دەستنەگەیشتن بە زانیاری لە زاری بریندارانەوە، هەوڵە سەربەخۆکانی گەیاندنی زانیارییان ئاڵۆز کردووە، ئەمەش بۆشاییەکی لە لێپرسینەوە دروستکردووە و خێزانی قوربانییەکانی وەڵامیان پێویستە و دەستیان نەکەوتووە، لە نێو ئەو زانیارییانەی دیار نییە، ژمارەی ئەو مووشەکانەیە بەر قوتابخانەکە کەوتوون، لەگەڵ لیستی تەواوی ناوی کوژراوەکان.
هەفتەی رابردوو پرسیار لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرا سەبارەت بە رووداوەکە، ترەمپ گوتی راپۆرتەکەی وەزارەتی جەنگی نەخوێندووەتەوە، هیچ شتێکی نەبینیوە وای لێ بکات باوەڕ بکات ئەمریکا هێرشەکەی کردبێ.
ترەمپ دەڵێت: "نازانم ئایا قەت ئەو کێشەیە چارەسەر دەکەن لەوەی خەتای کێ بووە، چونکە مووشەکەکان لە هەموو لایەکەوە دەفڕین، پێناچێت ئێمە بووبین."
نزیکبوونەوە لە چیرۆکەکە لە زاری خەڵك و رێکخراوە مرۆییەکان
بۆ وردەکاریی زیاتر ئەسۆشیەتد پرێس گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی، کارمەندانی مافی مرۆڤی ئێران، دانیشتوویەکی شاری میناب، نوێنەرێکی نێودەوڵەتیی ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی سەندیکاکانی مامۆستایانی ئێران و لێکۆڵینڤانان گرووپە سەرەکییەکانی مافی مرۆڤی جیهانی کردووە.
شاری میناب دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران و 25 کیلۆمەتر لە تەنگەی هورمزەوە دوورە، لە بەیانیی شەممە، 28ـی شوبات دا ئاسمان و رۆژێکی ئاسایی خوێندن بوو، قوتابییانی قوتابخانەی "شەجەرە تەییبە'' بە تەنیشت وێنە رەنگاوڕەنگەکانی سەر دیوارەکانی حەوشەی قوتابخانەکەدا هاتووچۆیان دەکرد و هەندێکیشیان لە پۆل بوون.
شیڤا ئامەلیراد، نوێنەری نێودەوڵەتیی سەندیکای مامۆستایان بۆ ماوەی 18 ساڵ مامۆستا بووە لە ئێران و پەیوەندیی لەگەڵ خەڵکی میناب هەیە، دەڵێت: "ئەو قوتابخانەیە یەکێک بووە لەو 30 قوتابخانەیەی بە هەمان ناو دامەزرێنراون بۆ خزمەتکردنی منداڵانی ئەو خێزانانەی پەیوەندییان لەگەڵ سوپای پاسداران یان دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەت هەیە."
ئەو دەڵێت: "هەرچەندە زۆربەی قوتابخانەکان لە ئێران لە چوارچێوەی رێنماییەکانی کۆماری ئیسلامی دا کار دەکەن، بەڵام منداڵان سڤیلن بێ گوێدانە پاشخانی خێزانییان، هەر هێرشێک قوتابخانەیەک بکاتە ئامانج، بێ بە تووندی دەبێ سەرکۆنە بکرێ."
بەپێی هەڵسەنگاندنی وێنە سەتەلایتییەکان، قوتابخانەکە لە ناو هەمان ئەو کۆمەڵە باڵەخانەیەدا بووە بنکەیەکی پاسدارانی لێیە، پێشتر بەشێک بووە لەو بنکەی سوپای پاسداران لەو ناوچەیە، بەڵام 10 ساڵە کراوەتە قوتابخانە.
گروپی مافی مرۆڤی بەلوچستان رایگەیاندووە، هەرچەندە هەندێک لە قوتابییەکان منداڵی ئەفسەرانی پاسداران بوون کە لە بنکە نزیکەکەی ئەوێ کاریان دەکرد، بەڵام هەندێکی دیکەیان منداڵی ئەو ناوچەیەی میناب بوون، زۆربەی دانیشتووانەکەی بەلووچن.
سەتان قوتابی و مامۆستا لەنێو قوتابخانەکە بوون کاژێر 9:40 زانیارییان پێگەیشت بۆردوومانی تاران دەستیپێکردووە.
مامۆستاکان و کارگێڕانی قوتابخانەکە پێیان وابوو باشترە منداڵەکان بنێردرێنەوە ماڵەوە، دوو کەس لەوانە دەڵێن بە تەلەفۆن بە دایک و باوکەکانەوە گوتووە زوو منداڵەکانیان ببەنەوە، راپۆرتێکی نوێی (Airwars)یش کە گرووپێکی سەربەخۆیە لە لەندەن و چاودێریی ململانێکان دەکات، پشتڕاستی کردووەتەوە پەیوەندی بە دایک و باوکەکانەوە کراوە.
لە کاژێر 10:15ـی بەیانی، میدیاکانی ئێران راگەیێندراوی وەزارەتی پەروەردەی ئێرانیان بڵاوکردەوە و قوتابخانەکان لە سەرانسەریی وڵاتەکە داخران، ئەوەش لەبەر مەترسیی جەنگ و بۆردوومان.
دانیشتوویەکی میناب، خۆی باوکی یەکێک لە منداڵەکانی بینیوە کوڕە 10 ساڵانەکەی لە قوتابخانەکە هێناوەتەوە، ئەو باوکە تێبینیی ئەوەی کردووە دوو منداڵی خزمێکی 6 ساڵان و 7 ساڵان لە نێو قوتابیاندان چاوەڕێی دایک و باوکیان دەکەن، لێی پرسیون ئایا دەیانەوێت بیانباتەوە ماڵەوە؟، بەڵام گوتوویانە نەخێر باوکی خۆیان لە رێگەیە و دێت.
ئەو لەگەڵ منداڵەکەی رۆیشتووە و چوونەتە سوپەرمارکێتێک، دوای 10 خولەک، دەنگی تەقینەوەکانی بیستووە.
بەپێی شیکاری بۆ وێنە سەتەلایتییەکان، تەقەمەنی زۆر بەر باڵەخانەکە کەوتوون، لانیکەم پێنج باڵەخانە کراونەتە ئامانج، قوتابخانەکە بە تەواوی رووخاوە.
قۆڵێکی بچووک لە نێو داروپەردووی قوتابخانەکە
وەکو ئەو دانیشتووەی میناب دەڵێ: "باوکەکە بە خێرایی گەڕایەوە بۆ شوێنی رووداوەکە پشێوی زۆر هەبووە لەو شوێنە، خەڵک کۆببوونەوە و هاواریان دەکرد، لەو کاتەی پیاوان لە نێو داروپەردوو و دووکەڵدا بەدوای تەرمەکاندا دەگەڕان" ئەمەش بەپێی ڤیدیۆکانی میدیای ئێران. لە کۆتاییدا، باوکەکە دوو تەرمی سووتاوی دۆزییەوە پێی وابوو خزمەکانی ئەون، بەڵام نەیتوانی دڵنیا بێتەوە.
خەڵکێکی زۆر بەرەو شوێنی رووداوەکە چوون، پیاوێک لە گوندێکی نزیکی ناوچەکە هاتبوو بۆ گەڕان بەدوای برازاکەی دا دوای ئەوەی پەیوەندییەکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێی لەلایەن دایکی کوڕەکەوە پێگەیشت. لە ناو داروپەردووەکەدا، تەرمی کوڕەکەی دۆزیوەتەوە.
تیمەکانی فریاگوزاریی جانتای بچووک و وێنەی کێشراوی منداڵان، قەڵەمی رەنگاوڕەنگ و پەڕەی وانەکانیان دۆزییەوە، قۆڵێکی بچووک بە شێوەیەکی جەرگبڕ لە نێو وێرانەکەدا مابووەوە، بەپێی تیمەکان دەرکەوتووە یەکێکە لە منداڵەکان.
کارمەندانی گرووپی مافی مرۆڤی بەلووچستان قسەیان لەگەڵ دوو خێزانی قوربانییەکان کردووە، دەڵێن پیاوان پەل و پۆی شێواو و تەرمەکانیان بۆ نەخۆشخانەی ناوچەکە گواستووەتەوە، دیار نییە چەند تەقەمەنی بەر قوتابخانەکە کەوتووە، بەڵام هێرشەکە جەستەی قوربانییەکانی ئەوەندە شێواندووە زۆربەی تەرمەکان نەناسراونەتەوە.
تاوەکو کۆتایی رۆژی هێرشەکە، پزیشکانی نەخۆشخانەکە خەمڵاندوویانە لانیکەم 108 تەرم گەیشتووەتە نەخۆشخانە، بەڵام هۆشدارییان داوە رەنگە ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر بێت.
رۆژێک دوای رووداوەکە میدیای ئێران رایگەیاند نزیکەی 150 کەس کوژراون، زۆری نەخایاند ژمارەی کوژراوان گەیشتە 168.
سێ رۆژ دوای بۆردومانەکە، تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران دیمەنی هەزاران ئێرانیی پێشاندا دا گۆڕەپانێکی شاری میناب کۆببوونەوە، لەوێ خەڵک روویان لە سەکۆیەک و وێنەیەکی گەورەی ڕووحوڵڵا خومەینی کردبوو، دانیشتوویەکی میناب دەڵێت هەموو دایک و باوکی قوربانییەکان، بێ گوێدانە نەتەوە و ئایین، لەوێ بوون.
بە دایک و باوکەکان گوترابوو تەرمی منداڵەکانیان ببەنەوە گوندەکانی خۆیان و رێوڕەسم و پرسەیان بۆ دابنێن. بەڵام لە کۆتاییدا زۆربەیان بڕیاریاندا پێکەوە بنێژرێن.
لەو گرتانەی بە درۆن گیراون و میدیای ئێران بڵاوی کردوونەتەوە، کارمەندانی فریاگوزاری خەریکی هەڵکەندنی زەوییەک بوون و کۆمەڵێک گۆڕی بچووک و وەکو یەک و بێ ناویان دروست دەکرد.
گێڕانەوەی چیرۆکەکە رۆژ بە رۆژ قورستر دەبێت
لەدوای رووداوەکەی میناب مانگێك زیاتر هێرشەکان بەردەوام بوون، شیکارییەکی (Airwars) دەریخستووە لە رۆژانی سەرەتای جەنگەکە ناوچەکان زۆر بە چڕی بۆردوومانکراون، بەراورد بە رۆژانی کۆتایی.
سنوورداری گەیشتنی میدیا بە شوێنی رووداوەکە زانینی وردەکارییەکانی قورستر کرد، دانیشتووەکەی میناب دەڵێت، لەگەڵ فراوانبوونی جەنگ و بوونی تەنگەی هورمز بە مەیدانێکی سەرەکیی شەڕ، دۆخی پارێزگاکە گرژتر بوو. هەموو لقەکانی سوپای پاسداران بە چڕی لە ناوچەکەدا بڵاوەیان پێکرابوو، بەڵام چیرۆکی میناب هێشتا لای زۆربەی ئێرانییەکان زیندوو ماوەتەوە، تەنانەت یاریزانانی هەڵبژاردەی ئێران لە کاتی گەیشتنیان بۆ مەکسیک بۆ یارییەکانی مۆندیال، نیشانەی "168#"ـی زێڕینیان لەسەر چاکەتەکانیان دابوو، هەروەها ئەو شاندەی دانوستاندنی لەگەڵ ئێران دەکرد بۆ راگرتنی جەنگ، ناوی خۆی نا "میناب 168".
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە، هێشتا هیچ لیستێکی گشتیی ناوی کوژراوەکان بڵاونەکراوەتەوە.
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بەدوای سەرەداودا دەگەڕێت
لێکۆڵینڤانانی ئەو رووداوە نەیانتوانی بچنە ناو ئێران، ئەمجارە سەرنجیان خستە سەر لایەنی بەرپرسی هێرشەکە.
ئێران ئەمریکای تۆمەتبار کرد، ترەمپ گومانی لە بەرپرسیارێتیی ئەمریکا دروستکرد و پەنجەی تۆمەتی بۆ ئێران راکێشا، پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا تەنیا گوتی لێکۆڵینەوە دەکەن.
سوپای ئەمریکا زیاتر لەوەی لە سەرەتادا دەریخستبوو، زانیاریی هەبوو، سەرەداوەکان لە ناو ئەرشیفەکانیاندا ماونەتەوە.
بەرپرسێکی ئەمریکی کە زانیاریی لەسەر دۆسیەکە هەیە، دەڵێت کاتێک هەواڵەکە بۆ یەکەمجار بڵاوبووەوە، سوپای ئەمریکا دەیزانی هێرشیان لەو دەوروبەرەدا کردووە، هەرچەندە کاتی ویست تاوەکو ئەمریکا پشتڕاستی بکاتەوە قوتابخانەیەک کراوەتە ئامانج و دەست بە لێکۆڵینەوەیە دەکات.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە دەڵێت، هەرچەندە ئەو باڵەخانەیەی قوتابخانەکەی تێدابووە پێش حەوت ساڵ لەمەوبەر وەکو قوتابخانە ناسێنراوە، بەڵام ئەوە بە شێوەیەکی پێویست لە ناو دەزگە و کارمەندانی جیاوازی هەواڵگری و سەربازیدا بڵاونەکراوەتەوە.
ئەوان دەڵێن، لە کۆتاییدا باڵەخانەکە لە لایەن گەشەپێدەرانی ئامانجەکانەوە وەکو قوتابخانە نەناسراوە، ئەمەش کەموکوڕییەکی سیستماتیکی لە پرۆسەی شیکردنەوەی ئامانج و پێداچوونەوەدا پێشان دەدات.
بەرپرسێکی پێشووی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا دەڵێت بۆردومانەکە دەرئەنجامێکی سروشتیی ئەو گۆڕانکارییانە بوو ئیدارەی ترەمپ کردی بۆ کەمکردنەوەی کارمەندان بە مەبەستی کەمکردنەوەی زیانی سڤیل و جەختکردنەوەی هێگسەس لەسەر "کوشندەیی".
کاتێک هێگسەس بەرپرسیارێتیی گرتە ئەستۆ، قەبارەی نووسینگەیەکی بە ناوی "سەنتەری پاراستنی سڤیل" کەمکردەوە، ئەو سەنتەرە لە کۆتایی ساڵی 2022 بە ڕێنمایی کۆنگرێس دروستکرابوو، وێس برایەنت کە لە ساڵی 2024ـەوە وەکو سەرۆکی لقی هەڵسەنگاندنی زیانی سڤیل لەو نووسینگەیە دەستی بەکار کردووە، دەڵێت ئەوە وایکرد کارەکانی نووسینگەکە بۆ نوێکردنەوەی "لیستی قەدەخەی هێرش" (no-strike lists) بوەستێت، لیستی شوێنە پارێزراوەکانی وەکو نەخۆشخانە، قوتابخانە، کەنیسە و مزگەوتەکانە."
ئەو گوتی کاتێک لە پنتاگۆن کاری کردووە، ئەوە زۆر روون بوو لیستەکە بەسەرچووە و نوێ نەکراوەتەوە.
123 کوژراو تەمەنیان لە 13 ساڵ کەمتر بووە
لە هەفتەکانی رابردوودا، هەندێک زانیاری دەرکەوتن، گروپی لێکۆڵینەوەی (Airwars) چەند مانگێک خەریکی ئەو دۆسیەیە بوو، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەی قوربانییەکان، گرووپەکە ناونیشان و ناسنامەی 157 کەسی کوژراوی دیاری کردووە، لەوانە 123 منداڵ تەمەنیان 13 ساڵ یان کەمتر بووە، 34 کەس گەورەتر لەو تەمەنە ،لە نێویاندا 26 کارمەندی قوتابخانە هەبوون (یەکێکیان دووگیان بووە) پێنج دایک و باوک هەر یەکێکیان لانیکەم منداڵێکیان لەدەستداوە.
گروپەکە ژمارەی کوژراوەکان لە نێوان 157 بۆ 168 کەس دادەنێت و دەڵێت لە نێوان 95 بۆ 111 کەسیش بریندار بوون.
روون نییە کەی ئەنجامە فەرمییەکانی لێکۆڵینەوەی سوپای ئەمریکا لەسەر رووداوەکەی میناب بڵاودەکرێنەوە، لێکۆڵینەوەکان تەواو بوون، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا راسپێردرابوو بۆ لێکۆڵینەوەکە، ئێستا سەرقاڵی پێداچوونەوەی ئەنجامەکانە.
وەزیری جەنگی ئەمریکا هەفتەی رابردوو گوتی راپۆرتەکە "لە کاتی گونجاودا" ئاشکرا دەکرێت.
ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی رابردووی هاوشێوە خێراتر بوون، لە 29ـی ئابی 2021 کاتێک مووشەکێکی (Hellfire) بووە هۆی کوژرانی 10 سڤیل لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا بەرپرسیارێتییەکەی گرتە ئەستۆ و وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکانی خستەڕوو.
هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرێس هێشتا گوشار بۆ بێگەردی دەکەن
لە رۆژانی رابردوو سیناتۆر مایک راوندز، کۆماری لە بازنەی داکۆتای باشوور و ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارییەکان و هەواڵگری، گوتی کۆنگرێس زانیاریی پێویستی لەسەر بۆردومانەکە پێ نەگەیشتووە و چاوەڕوانی راپۆرتێکی تەواو دەکات.
ئەو دەڵێت ئەو دۆسیەیە "لەبیر نەکراوە و کۆتایی نەهاتووە."

.jpg&w=3840&q=75)

