رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵا لە ئیدارەی ترەمپ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جارید کوشنەر، راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، لە قەتەرن بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەبارەی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان واشنتن و تاران.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە باڵایەی ئیدارەی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە، 30ی حوزەیرانی 2026، ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر لەگەڵ شێخ محەممەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر و چەند نێوەندگیرێکی دیکە کۆدەبنەوە.
سەرچاوەکەی رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارە رۆژی چوارشەممە، شاندەکانی ئەمریکا و ئێران بە جیا و بە شێوەیەکی "ناڕاستەوخۆ" بەشداری لە گفتوگۆی تەکنیکیدا بکەن. ئەو گفتوگۆیانە لە رێگەی نێوەندگیرەکانی قەتەر و پاکستانەوە بەڕێوەدەچن.
ناکۆکی لەسەر شێوازی گفتوگۆکان
سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، دوێنێ دووشەممە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) رایگەیاند کە "گفتوگۆکان سبەی لە دەوحە دەستپێدەکەن"، بەڵام تاران و دەوحە گوتارێکی جیاوایان هەیە.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، شاندێکی تەکنیکی رەوانەی قەتەر دەکەن بەڵام "هیچ گفتوگۆیەکی راستەوخۆ لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لە هیچ ئاستێکدا ئەنجام نادرێ."
قەتەرییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە کوشنەر و ویتکۆف لە دەوحەن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ نێوەندگیرەکان، نەک بۆ دانیشتنی راستەوخۆ لەگەڵ ئێرانییەکان.
یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا رۆژی 17ی ئەم مانگە واژۆکرا کە 14 خاڵ لەخۆدەگرێ.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
