رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئێران رۆژی شەممە 27-06-2026 ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە پێشێلکردنی رێککەوتنی راگرتنی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تۆمەتبار کرد، ئەمەش دوای ئەوەی واشنتن هێرشی کردە سەر خاکی ئێران و تاران بە هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە کەنداو وەڵامی دایەوە.
ئەم پێکدادانە گەرمە دوای ئەوە هات واشنتن تارانی تۆمەتبار کرد بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکی بازرگانی لە تەنگەی هورمز، گومانی زۆری لەسەر هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێشتنەوەی کراوەیی ئەو رێڕۆ ئاوییە گرنگە دروستکرد. ئیسرائیلیش هێرشی نوێی کردووەتە سەر باشووری لوبنان و سەرکردایەتیی حیزبوڵڵا رێککەوتنی ئاشتیی رەتکردەوە.
هێرشی بەرامبەر و پەککەوتنی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاند، نوێترین هێرشەکانیان کە کۆگەکانی مووشەک و درۆن و پێگەکانی راداری کەناراوەکانی ئێرانی کردووەتە ئامانج، وەڵامێک بووە بۆ "دەستدرێژیی بێ پاساوی هێزەکانی ئێران دژی کەشتیوانیی بازرگانی" کە بە روونی ئاگربەستەکەی پێشێل کردووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر هێرشی درۆنی ئێرانی بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی بە "پێشێلکارییەکی گەمژانەی رێککەوتنی ئاگربەستەکەمان" وەسفکردبوو.
لە بەرامبەردا، ئێران رایگەیاند "ئەم هێرشە دڕندانانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای" رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگەکەیە کە لە کۆتایی مانگی شوباتدا دەستیپێکردبوو.
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە کەنداو و هۆشداریاندا، "ئەگەر دەستدرێژییەکە دووبارە ببێتەوە، وەڵامەکەمان فراوانتر دەبێت."
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، درەنگی شەوی هەینی تەقینەوەیەک لە بەندەری شاری سیریک لە باشووری وڵاتەکە بەهۆی "بەرکەوتنی تەنێکی هاوێژراو" روویداوە، بەڵام ئاژانسی هەواڵی میهر رایگەیاند، بەندەرەکە بە شێوەیەکی ئاسایی کراوەیە.
لە لایەکی دیکەوە بەحرێن رایگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی شەممە لەلایەن چەندین درۆنی ئێرانییەوە کراوەتە ئامانج و تارانی بە "تێکدانی هەوڵەکانی ئاشتی" تۆمەتبار کرد. ئاژانسی ئاسایشی دهریایی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند، "تەنێکی هاوێژراوی نەناسراو" زیانی بە کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە تەنگەکەدا گەیاندووە.
بارگرانیی ئابووریی سەر تاران
ئێچ ئەی هێلیەر، توێژەر لە پەیمانگەی شاهانەی خزمەتگوزارییە یەکگرتووەکان (RUSI) لە لەندەن رایگەیاند: "ئەگەری زۆرە ئێران لە چالاکییە سنووردارەکانی نێو تەنگەی هورمز بەردەوامبێت، بۆ دروستکردنی گوشار لەسەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، بەبێ هەڵگیرساندنی جەنگێکی بەرفراوانتر."
هێلیەر ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا لە مانگی تشرینی دووەمدا بۆ رێککەوتنی خێراتر پاڵ بە واشنتن دەنێت، لە کاتێکدا بۆ ئێران، دانوستاندنێکی درێژخایەن لەگەڵ گوشاری کۆنترۆڵکراو لە تەنگەکەدا دەکرێت لە بەرژەوەندییەکەیدا بێت.
ئەم پێکدادانە کاریگەریی قورسی لەسەر ئابووریی ئێران دروستکردووە؛ بەپێی ئاژانسی ئاماری ئێران، هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتووەتە 88.6٪، لە کاتێکدا لە مانگی شوباتدا 68٪ بوو. سەرەڕای ئەم گرژییانە، نرخی نەوت بەهۆی ئومێدی بەردەوامیی هاتووچۆ لە هورمزدا دابەزیوە.
نەعیم قاسم رێککەوتنی لوبنان رەت دەکاتەوە و ئیسرائیل هێرش دەکاتەوە
کاتێک حیزبوڵڵا لە سەرەتای مانگی ئادارەوە مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد بۆ پشتیوانیکردنی ئێران، لوبنان کەوتە ناو جەنگەکە. رۆژی هەینی، ئیسرائیل و لوبنان رێککەوتنێکیان بە پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ هێنانەدی ئاشتی واژۆ کرد.
رۆژی شەممە نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی نوێی حیزبوڵڵا رێککەوتنەکەی رەتکردەوە و بە "شەرمەزارکەر، سووکایەتیپێکەر و رادەستکردنی سەروەری" وەسفکرد و رایگەیاند، رێککەوتنەکە "پووچەڵ و بێبایەخە." نەعیم قاسم داوای جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنەکەی واشنتنی لەگەڵ تاران کرد، کە راگرتنی جەنگ لە لوبنانیش لەخۆدەگرێت.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی هەینی پێداگریی کردبوو، هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی ئەمنی لە باشووری لوبنان دەمێننەوە تائەو کاتەی حیزبوڵڵا چەک دادەنێت. رۆژی شەممەش یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە هێزەکانی راگەیاند: "خۆتان بۆ مانەوەیەکی درێژخایەن لە ناوچە ئەمنییەکەدا ئامادە بکەن."
سوپای ئیسرائیل رۆژی شەممە هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر باشووری لوبنان، کە یەکەم هێرشی لەو شێوەیەیە لەوکاتەوەی رێککەوتنەکە راگەیێندراوە. دواتریش ئاژانسی نیشتمانیی هەواڵی لوبنان بڵاویکردەوە، ئیسرائیل لە ئێوارەی رۆژی شەممەدا هێرشی نوێی ئاسمانیی کردووەتە سەر باشووری وڵاتەکە.



