رووداو دیجیتاڵ
رۆژی شەممە، بەحرێن رایگەیاند، بە چەند درۆنێکی ئێرانی هێرش کراوەتە سەر وڵاتەکەیان و تارانیشی بە "تێکدانی هەوڵەکانی ئاشتی" تۆمەتبار کرد. ئەم هێرشەش دوای ئەوە دێت کە بۆ یەکەمجار دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی نێوانیان، ئەمریکا و ئێران هێرشی سەربازییان کردە سەر بەرژەوەندییەکانی یەکدی.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی بەحرێن، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە: "شانشینی بەحرێن بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی بەئامانجگرتنی خاکەکەی دەکات لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 27ـی حوزەیرانی 2026، کە لە رێگەی درۆنی ئێرانییەوە کراوە و ئەمەش پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی وڵاتەکەمانە."
هەروەها وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە: "بەردەوامبوونی رژێمی ئێران لەسەر دەستدرێژییەکانی، لە کاتێکدا هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بەرەو هێورکردنەوەی دۆخەکە دەچن، بەرپرسیارێتیی تێکدانی هەوڵەکانی ئاشتی تەنیا دەخاتە ئەستۆی تاران و ئەو رێچکەیە ئاشکرا دەکات کە لەسەر بنەمای تێکدانی ئاسایش، هەناردەکردنی ئاژاوە و تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە بونیاد نراوە."
لەلایەکی دیکەوە، رۆژی شەممە ئێران، ئەمریکای بە پێشێلکردنی
ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنە تۆمەتبار کرد کە ئامانج لێی گەیشتنە بە رێککەوتنێک بۆ
کۆتاییهێنان بە شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەمەش دوای ئەوە هات کە واشنتن هێرشی کردە
سەر خاکی ئێران و لە بەرامبەریشدا تاران وەڵامی دایەوە و هێرشی کردە سەر
ئامانجەکانی ئەمریکا لە کەنداو.
بەپێی تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران،
سوپای پاسداران رایگەیاندووە کە لە وەڵامی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکادا،
هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو و هۆشداریشیان دا کە
"ئەگەر دەستدرێژییەکان دووبارە ببنەوە، ئەوا وەڵامدانەوەمان بەرفراوانتر
دەبێت."



