رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، جارێکی دیکە داوای کرد وڵاتەکەی سەربەخۆیی سەربازیی خۆی زیاد بکات و پشتبەستن بە هاوکارییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەم بکاتەوە.
بنیامین نەتەنیاهوو، رۆژی 18ی حوزەیران لە گوتارێکدا بۆ ئەفسەرانی یەدەگ لە خولێکی راهێناندا لە کەرتی رۆژئاوا رایگەیاند، "زۆر سوپاسی ئەو پشتیوانییە دەکەم کە لە دۆستە ئەمریکییەکانمانەوە پێمانگەیشتووە، بەڵام پێویستە خۆمان لە پشتبەستن رزگار بکەین و تۆڕی چەکدارکردنی سەربەخۆی خۆمان بنیات بنێین."
ئەم قسانەی نەتەنیاهوو تەنیا رۆژێک دوای ئەوە هات، ئەمریکا و ئێران لە 17ی حوزەیراندا گەیشتنە رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رێککەوتنێک کە بە لە لایەن ئیسرائیلەوە دژایەتی کرا.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی، "ئەمڕۆ دەڵێم: پێویستمان بە تۆڕی چەکدارکردنی سەربەخۆی خۆمانە. دەبێت چەکی خۆمان بەرهەم بهێنین."
لەگەڵ دامەزراندنی لە ساڵی 1948ـەوە، ئیسرائیل زیاتر لە 300 ملیار دۆلار (بە رەچاوکردنی هەڵاوسان) هاوکاریی سەربازی و ئابووری لە ئەمریکاوە وەرگرتووە، کە ئەمەش زۆر زیاترە لەوەی هەر وڵاتێکی دیکە لە دوای ساڵی 1946ـەوە پێیگەیشتبێت.
بەپێی رێککەوتننامەیەک کە لە ساڵی 2016 واژۆکراوە و لە ساڵی 2019ـەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو ساڵی 2028 بەردەوام دەبێت، ئیسرائیل ساڵانە هاوکاریی دارایی بە بڕی نزیکەی 3.8 ملیار دۆلار بۆ کڕینی چەک وەردەگرێت، کە دەکاتە نزیکەی 15٪ـی بودجەی بەرگریی ئەو وڵاتە.
نەتەنیاهوو پێشتریش خواست و حەزی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بەم هاوکارییە دەربڕیبوو. لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا بە گۆڤاری (ئیکۆنۆمیست)ـی راگەیاند، هیوادارە لە ماوەی 10 ساڵدا پشتبەستن بە ئەمریکا کۆتایی پێبهێنێت، لە مانگی ئایاری رابردووشدا بە کەناڵی (CBS)ـی ئەمریکی راگەیاند، دەیەوێت هاوکارییەکان بگەنە ئاستی "سفر." هەروەها لە ئایاری 2025دا نەتەنیاهوو پێشنیازی کردبوو، پێویستە ئیسرائیل خۆی لە هاوکارییەکانی ئەمریکا "دەرباز بکات."
واشنتن نزیکترین هاوپەیمانی ئیسرائیلە، بەڵام هەردوولا لەسەر بەڕێوەبردنی جەنگەکانی ئیسرائیل لە دوای هێرشەکەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 رووبەڕووی کێشە بوونەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەفتەکانی دواییدا بە ئاشکرا رەخنەی لە نەتەنیاهوو گرتووە. تەنانەت سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا سەرکۆنەی ئیسرائیل و ئێرانی کرد بەهۆی پێشێلکردنی ئاگربەستێک کە کۆتایی بە جەنگی 12 رۆژەی پاری هێنابوو.

.jpg&w=3840&q=75)
