رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپۆرتێکی هاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ناوەندێکی توێژینەوەی لوبنانی، زیانی راستەوخۆی ژێرخانی بیناسازی لە باشووری لوبنان بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و حیزبوڵڵاوە بە نزیکەی 1.38 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێ. راپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە تەنیا لە دوو مانگی یەکەمی جەنگدا زیاتر لە 11 هەزار باڵەخانە بە تەواویی رووخاون.
رۆژی دووشەممە 22ـی حوزەیرانی 2026، بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) و ئەنجوومەنی نیشتمانیی بۆ توێژینەوە زانستییەکانی لوبنان (CNRS) لە راپۆرتێکی هاوبەشدا زیانە داراییەکانی جەنگیان خستەڕوو.
بەپێی داتاکان، 11,095 باڵەخانە بە تەواویی رووخاون، کە 17,891 یەکەی نیشتەجێبوون دەگرێتەوە؛ هەروەها 2,242 باڵەخانە بەشێوەیەکی نیمچەیی زیانیان بەرکەوتووە و 9,311 باڵەخانەی دیکەش زیانی کەمیان بەرکەوتووە.
ئەم هەڵسەنگاندنە لەرێگەی بەراوردکردنی وێنەی مانگە دەستکردەکانی کۆتایی مانگی نیسانی ئەم ساڵ لەگەڵ وێنەکانی تشرینی یەکەمی 2025 کراوە.
راپۆرتەکە نیشانی دەدات کە قەبارەی وێرانکارییەکان یەکجار گەورەیە و باری تەندرووستی و مرۆیی لە باشووری لوبنان لە دۆخێکی خراپدایە. ئەم ئامارە لە کاتێکدا بڵاودەکرێتەوە کە لایەنەکان لەسەر مەرجەکانی ئاگربەست رژدن، بەڵام هێشتا پاشماوەی جەنگ بە سیمای شار و شارۆچکەکانی ئەو ناوچەیەوە دیارە.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی لوبنان، تاکۆتایی مانگی نیسان ژمارەی قوربانییانی هێرشە بەرفراوان و بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە لە 2ـی ئاداری رابردووەوە 2055 کوژراو و 6588 بریندار بووە.
هەربەپێی وەزارەتەکە، لە کۆی گشتیی کوژراواندا 165 منداڵ و 252 ژن تۆمارکراون؛ هەروەها لەنێو بریندارەکانیشدا 644 منداڵ و 1120 ژن هەن.
جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە 2ـی ئازاری 2026ـەوە دەستی پێکرد و بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنێک کەس.
ئەم جەنگە کە بەشێکە لە جەنگی فراوانتری نێوان ئێران و ئەمریکا، گوشارێکی یەکجار زۆری خستووەتە سەر ئابووریی لوبنان.


