رووداو دیجیتاڵ
کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی داخستنەوەی تەنگەی هورمزی بەڕووی کەشتییەکاندا راگەیاند، بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان، کە تاران بە پێشێلکردنی بەڵێنەکانی ئەمریکا و لێکتێگەیشتنی مێژوویی کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی وەسف دەکات. هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند شاندێکیان بەپەلە بەرەو سویسرا بەڕێدەکەوێت بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان.
ئەم بڕیارەی تاران دوای ئەوە دێت، چەند کاژێرێک دوای ئەوەی ئەمریکا و قەتەر رێککەوتنێکی نوێی ئاگربەستی کاتییان لە لوبنان راگەیاندبوو، جەنگ لە باشووری وڵاتەکە لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حیزبوڵڵادا دەستیپێکردەوە.
رۆژی شەممە، 20-06-2026، قەرارگەی خاتەمولئەنبیا و هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران بە فەرمی داخستنی تەنگەی هورمزیان بەڕووی هاتووچۆی کەشتییەکاندا راگەیاند و هۆشدارییان دایە کەشتییەکان، بە هیچ شێوەیەک لە تەنگەکە نزیک نەبنەوە، بە پێچەوانەوە سەلامەتییان دەکەوێتە مەترسییەوە.
لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا هاتووە: "بەهۆی بەڵێنشکێنی و پەیمانشکێنیی ئاشکرای ئەمریکا بەرامبەر بە جێبەجێنەکردنی بڕگەی یەکەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ، لە کاردانەوە بەرامبەر بە پێشێلکردنی بەردەوام و بێپچڕانی ئاگربەست لەلایەن رژێمی زایۆنیستی لە باشووری لوبنان، رادەگەیێنین تەنگەی هورمز بەڕووی هاتووچۆی کەشتییەکاندا دادەخرێت."
راگەیێندراوەکە دەشڵێت: "ئەمە هەنگاوی یەکەمە بۆ وەڵامدانەوەی پەیمانشکێنیی دووژمن، لە ئەگەری بەردەوامبوونی دەستدرێژییەکاندا، هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ ناچارکردنی دووژمن بە پابەندبوون بە بەڵێنەکانی، پلانی بۆ دادەڕێژرێت و جێبەجێ دەکرێت."
داخستنی تەنگەی هورمز، کە رێڕۆیەکی ستراتیژیی جیهانییە بۆ گواستنەوەی نەوت و گاز، لە کاتی جەنگەکەدا گورزێکی قورسی لە ئابووریی جیهان دابوو، ئێران پێشتر رازی ببوو وەک ئامادەکاری بۆ رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئەمریکادا تەنگەکە بکاتەوە.
دوای ئەوەی چوار سەربازی ئیسرائیلی لە پێکدادانەکاندا کوژران و ئیسرائیلیش هێرشی تووندی کردە سەر باشووری لوبنان، ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی فەرمی لە سویسرا لە رۆژی هەینیدا هەڵوەشێنرانەوە.
بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل رایگەیاند، حیزبوڵڵا لە شەودا زیاتر لە 50 درۆن و مووشەکی ئاراستەی هێزەکانی ئیسرائیل کردووە لە باشووری لوبنان. لە بەرامبەردا، حیزبوڵڵا رایگەیاند هێزەکانی ئیسرائیل لەژێر چەتری ئاگربەستەکەدا هەوڵی دزەکردنیان داوە بەرەو گردەکانی عەلی تاهیر کە بەسەر شاری نەبەتیەدا دەڕوانێت.
میدیای فەرمیی لوبنان رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل زیاتر لە 20 شوێنی جیاوازیان کردووەتە ئامانج، بەهۆیەوە لانیکەم 16 کەس لە نەبەتیە کوژراون. هەروەها بەهۆی بۆردوومانی گوندێکی نزیک شاری سەیدا، 7 کەسی دیکە کوژران و 13 کەس بریندار بوون. دووکەڵێکی رەش لە نزیک قەڵای بوفۆرت بەرزبووەوە کە ئیسرائیل مانگی رابردوو دەستی بەسەردا گرتبوو.
حەسەن فەزڵوڵڵا، پەرلەمانتاری حیزبوڵڵا رایگەیاند، گرووپەکەی "مافی تەواوی هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم دووژمنە کاتێک هێرشمان دەکاتە سەر." لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیلیش رایگەیاند، مامەڵەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئاگربەستەکە لەسەر بنەمای "وەڵامدانەوەی تەقە بە تەقەیە."
لە رووی دیپلۆماسییەوە، جۆزێف عەون، فەرماندەی سوپای لوبنان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی ئیسرائیلی کرد. رۆبیۆش جەختی لە گرنگیی چەککردنی حیزبوڵڵا و گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کردەوە بۆ سەرانسەری لوبنان. بڕیارە هەفتەی داهاتووش ئیسرائیل و لوبنان لە واشنتن دانوستاندنی راستەوخۆ بکەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڵوێستی وڵاتەکەی روونکردەوە و رایگەیاند: "بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی لایەنی بەرامبەر بەپێی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، شاندێکی ئێرانی بەرەو سویسرا بەڕێدەکەوێت."
وەزارەتەکە دووپاتیکردەوە: "بڕگەی یەکەم لە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەدا گرنگترینە و لایەنی بەرامبەر بەڵێنەکانی پێشێلکردووە بۆ ناچارکردنی قەوارەی زایۆنیستی بە راگرتنی دەستدرێژییەکانی بۆ سەر لوبنان. دەبێت ئەمریکا پەلە بکات لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، بە پێچەوانەوە رووبەڕووی کێشە دەبێتەوە."
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتیکردەوە: "ئێمە رێککەوتنێکمان واژۆ نەکردووە کە جێبەجێ نەکرێت، رێبازی ئێمە بریتییە لە پابەندبوون لە بەرامبەر پابەندبووندا. بڕگەکانی راگرتنی گەمارۆی دەریایی و کردنەوەی تەنگەی هورمز بەپێی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە [لە لایەن ئێرانەوە] جێبەجێ کرابوون." وەزارەتەکە هۆشداریدا، مەرجەکانی یاداشتنامەکە یەک پاکێجی تەواوکاریین و ئەگەر بەشێکی جێبەجێ نەکرێت، هەموو پرۆسەکە رووبەڕووی کێشە دەبێتەوە.


