رووداو دیجیتاڵ
قالیباف دەڵێت، لە ئەگەری نیشاندانی نیازی خراپ، پێشێلکردنی رێککەوتننامەکە و داواکاریی زێدەڕۆیانە، دوودڵ نابن لە وەڵامی کوشندە و تێکشکێنەر بۆ سەر "دووژمن".
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و ناسراوترین ناوی لایەنی ئێرانی لە پرسی دانوستاندنەکاندا، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی ئەو قسانەی لە X کردووە.
قالیباف ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە لەژێر فەرمانی ئێوەداین [مەبەستی موجتەبا خامنەییە]؛ ئەو ئەرکەی لەلایەن رێبەری باڵاوە بە ئێمە سپێردراوە، بەدواداچوونە بۆ بەدیهێنانی مەرج و بەندەکانی رێککەوتنەکە. لە ئەگەری نیشاندانی نیازی خراپ، پێشێلکردنی رێککەوتننامەکە و داواکاریی زێدەڕۆیانە لە لایەنی بەرامبەرەوە، ئێمە هیچ دوودڵ نابین لە وەشاندنی وەڵامێکی کوشندە و تێکشکێنەر بۆ سەر دووژمن".
لەبارەی ئەمریکاوە باسی لەوە کردووە، "ئەوان جارێک لە کاتی جەنگدا زلەیان لێدراوە؛ ئەگەر دەیانەوێت دووبارە بەو رێگەیەدا بڕۆنەوە، ئەوا زلەیەکی بەهێزتر و قورستریان بەردەکەوێت".
کۆبوونەوەکانی سویسرا دواخران
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، حکومەتی سویسرا بە فەرمی رایگەیاند کە دانوستاندنە بڕیارلێدراوەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دواخراون. ئەم بڕیارەش چەند کاژێرێک دوای ئەوە دێت کە گەشتی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەو وڵاتە هەڵوەشایەوە.
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا لە پەیامێکدا کە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس (AFP) بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند: "ئەو دانوستاندنە پلانبۆداڕێژراوانەی کە بڕیار بوو لە نێوان ئەمریکا، ئێران، قەتەر و پاکستاندا بەڕێوەبچن، دواخراون."
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا بەبێ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، ئاماژەی بەوەش کرد: "سویسرا بەردەوام لە ئامادەییدایە بۆ ئاسانکاریکردن لەم دانوستاندنانەدا، و ئامادەکارییە پێویستەکان لە ناوچەی بورگنبستۆک (Burgenstock) بەردەوامن."
کۆشکی سپی: ڤانس ئەمڕۆ ناچێتە سویسرا
کۆشکی سپی رایگەیاند کە گەشتی شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی وڵات بۆ دەستپێکردنی دانوستاندنە تەکنیکییەکان لەگەڵ ئێران، بەهۆی ئاڵۆزیی رێکارە لۆجیستییەکانی تایبەت بە پرۆسەی گفتوگۆکان دواخراوە.
گوتەبێژێکی کۆشکی سپی لە روونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران دەڵێت: "پلانەکانی تایبەت بە دانوستاندنە تەکنیکییەکانی داهاتوو هێشتا کۆتاییان نەهاتووە، بەڵام شاندی ئەمریکا ئامادەیە لە یەکەم دەرفەتی گونجاودا بەڕێبکەوێت." گوتەبێژەکە جەختی لەوەش کردبووەوە کە رێکارە لۆجیستییەکانی ئەم جۆرە دانوستاندنانە هیچ کاتێک سادە یان پێشبینیکراو نەبوون.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

