رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا، گەمارۆی دەریاییان لەسەر هەموو بەندەر و ناوچە کەناراوییەکانی ئێران هەڵگرتووە و رێگری لە هاتووچۆی کەشتییەکان ناکەن، بەڵام بۆ چاودێریکردنی رێککەوتنەکە، کەشتییە جەنگییەکانیان لە ناوچەکە دەمێننەوە.
رۆژی پێنجشەممە، سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ، هێزەکانی ئەمریکا بەپێی رێنماییەکانی سەرۆک، گەمارۆی سەر سەرجەم هاتووچۆ دەریاییەکانیان هەڵگرت کە دەچنە نێو بەندەر و ناوچە کەناراوییەکانی ئێرانەوە یان لێیانەوە دەردەچن."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هێزەکانی ئەمریکا رێگری لە دەربازبوونی کەشتییەکان ناکەن بۆ بەندەرەکانی ئێران یان لێیانەوە لە کەنداوی عەرەبی و کەنداوی عومان. سەرجەم هەوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی گەمارۆکە راگیراون."
سەبارەت بە چارەنووسی هێزەکانیشیان لە دوای هەڵگرتنی گەمارۆکە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە: "کەشتییە جەنگییە مەزنەکانمان لە ناوچە گشتییەکەدا دەمێننەوە، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی سەرجەم خاڵەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێن و بەتەواوی کاریان پێدەکرێت."
نوێدەکرێتەوە...



