رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دوورگەی خارگ رایگەیاند، لە ماوەی جەنگی 40 رۆژەدا دوورگەکە بە 548 مووشەک لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە رێگەی ئەو دوورگەیەوە نەوەستا.
سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی هەواڵی ئیسنا بڵاویکردەوە، نیگەهدار حوسێنپوور، بەڕێوەبەری دوورگەی خارگ لە کۆنفرانسی سەرانسەریی "فەرمانڕەوایی هاوکار" کە رۆژی دووشەممە بە ئامادەبوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، ئەسکەندەر موئمینی وەزیری ناوخۆ، پارێزگاران، قایمقامەکان و بەڕێوەبەرانی ناحیەکانی سەرانسەری ئێران لە تاران بەڕێوەچوو، باسی لە هێرشەکانی سەر دوورگەکە لە ماوەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران کردووە.
بەڕێوەبەری تایبەتی خارگ لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاندووە، ئەم دوورگەیە لە کاتی جەنگی 40 رۆژەدا بەهۆی پێگە ستراتیژییەکەیەوە، کەوتە بەر تووندترین شەپۆلی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.
نیگەهدار حوسێنپوور گوتی: "لە کاتی جەنگی سەپێندراوی سێیەمدا، زیاتر لە 548 کەوتنی مووشەک لە دوورگەی خارگ تۆمارکرا و لە یەکێک لە تووندترین هێرشەکاندا کە لە 16ی ئاداری 2026دا کرا، دوورگەکە بە 50 مووشەک کرایە ئامانج. هەروەها لە ماوەی دوو رۆژی یەک لە دوای یەکدا، شەش کەشتیی نەفەرهەڵگر بە ئامانجی بڕینی پەیوەندیی دوورگەکە لەگەڵ خاکی سەرەکیی ئێران لەلایەن دووژمنەوە هێرشیان کرایە سەر."
حوسێنپوور راشیگەیاندووە: "بە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی بەرگریی نائاسایی و هاوکاری و هاوئاهەنگیی بەڕێوەبەران و کارمەندانی پیشەسازیی نەوت، پرۆسەی بەرهەمهێنان، کۆگەکردن، هەناردە و دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بەبێ پەککەوتن بەردەوام بوو و رۆڵی ستراتیژیی خارگ لە ئابووریی نیشتمانیدا پارێزرا. هەروەها بەو رێوشوێنانەی کە گیرانەبەر و بە هاوکاریی بەلەمە مەدەنییەکان و کەشتییەکانی ماسیگری، هاتووچۆ بەرەو دوورگەکە بەبێ وەستان بەردەوام بوو، تەنانەت بۆ یەک رۆژیش پەیوەندیی خەڵک لەگەڵ خاکی سەرەکیی ئێراندا نەپچڕا."
دوورگەی خارگ لە باکووری کەنداو هەڵکەوتووە و بە 'شادەماری نەوتی ئێران' دادەنرێت، چونکە نزیکەی %90ی نەوتی ئێران لە رێگەی تێرمیناڵەکانی ئەو دوورگەیەوە هەناردە دەکرێت.
لە ماوەی جەنگی 40 رۆژەدا، چەندینجار بۆردوومان کرا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش چەندین جار هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتن و کۆنترۆڵکردنی دوورگەکەی کرد.

.jpg&w=3840&q=75)

