رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، گەیشتن بە "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن" لەگەڵ ئەمریکا لە هەموو کاتێک نزیکترە، داوایشی لە میدیاکان کرد تاوەکو یەکلاییکردنەوەی رێککەوتنەکە لە بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە پێشبینی و دەنگۆییەک خۆیان بەدووربگرن.
رۆژی هەینی، 12-06-2026، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند: "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلاماباد هەرگیز بەم ئەندازەیە لە واژۆکردن نزیک نەبووە؛" ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو تەواوکردنی رەشنووسەکە دەگاتە قۆناخی کۆتایی، پێویستە دەزگاکانی راگەیاندن لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و گریمانەیی خۆیان بەدووربگرن.
عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد، تاران پابەندە بە پەیڕەوکردنی شێوازێکی "بەرپرسانە و شەفاف" و گوتی: "لە کاتی گونجاودا هەموو وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە لەگەڵ رای گشتی بەش دەکەین."
بەپێی زانیارییەکان، ئەم یاداشتە دەبێتە سەرەتایەک بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات.
ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە، هەر ئەمرۆ بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە فۆکس نیووزی ئەمریکی گوت کە ئێران سەرجەم مەرجە قورسەکانی ئەمریکای بۆ رێککەوتن قبووڵ کردووە.
بەرپرسەکەی کۆشکی سپی گوتی، تاران رازی بووە بە رێککەوتنێکی نوێ کە تێیدا دەبێ پێش لادانی سزاکان، بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەڵبووەشێنێتەوە و دەستبەرداری پاڵپشتیی گرووپە چەکدارەکان بێ.
بەڵام میدیای ئێران شتێکی دیکە دەڵێ. میدیای فەرمیی حکومەتی ئێران دەڵێ، خاڵەکان بەم شێوەیەن:
یەکەم: جارێ هیچ رێککەوتنێک لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ناکرێ
دووەم: ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم بە مافی خۆی دەزانێت
سێیەم: هورمز دەکرێتەوە، بەڵام ئێران دەستبەرداری نابێت
چوارەم: جەنگی لوبنان دەوەستێنرێ
پێنجەم: لە 60 رۆژەکەدا باس لە سێ پرس دەکرێ:
بەرنامەی ئەتۆمی
هەڵگرتنی گەمارۆ
قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ

.jpg&w=3840&q=75)

